هه‌نارده‌ى نه‌وتى هه‌رێم دەستپێدەکاتەوە

دوایین نوێکردنەوە 2023-04-16 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

ئه‌ندامى لیژنه‌ی دارایی له ‌ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق رایگەیاند کە لە دوو رۆژی داهاتوودا هەناردەی نەوتی کوردستان دەستپێدەکاتەوە.

د.جه‌مال كۆچه‌ر ئه‌ندامى لیژنه‌ی دارایی له ‌ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق رايگه‌ياند سەرۆکوەزیرانی عێراق، لەکۆبوونەوەی لەگەڵ لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەران رایگەیاندووە کە ئەمڕۆ یان سبەی ھەناردەی نەوتی ھەرێم لە رێگای توركياوه‌ دەستپێدەکاتەوە.

رۆژی 25ی مانگی ئادار، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکووک دوای بڕیارێکی دادگای ناوبژیوانی پاریس راگیرا، دەستەکە بڕیاری لە بەرژەوەندیی عێراق دا و لەسەر بنەمای ئەو بڕیارە هەناردەکردنی نەوتی کوردستان راگیرا.

لەبارەی چارەنووسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، كه‌ زياتر له‌ سێ هەفتەیە هه‌نارده‌ى نه‌وتى هه‌رێم راگیراوە و دابه‌شكردنى مووچه‌ زياتر پشت به‌ داهاتى نه‌وت ده‌به‌ستێت د.جەمال کۆچەر ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد كه‌ "پێويسته‌ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ئه‌و كێشه‌یە چاره‌ بكات، چونكه‌ ئەم پرسه‌ په‌يوه‌يسته‌ به‌ هه‌رێمه‌وه‌ نه‌وه‌كو حكوومه‌تى عێراقه‌وه‌".

پێش بڕیارەکەی دادگای پاریس، رۆژانە 445 هەزار بەرمیل نەوت لە هەرێمی کوردستان و عێراقەوە دەنێردرایە تورکیا کە 370 هەزار بەرمیلی لە هەرێمی کوردستان و 75 هەزار بەرمیلەکەی دیکەش نەوتی کەرکووک بوو.

سه‌باره‌ت به‌ پەسەندکردنی پرۆژه‌ ياساى بودجەى گشتیى عێراق، جه‌مال كۆچه‌ر ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ دانوستاندن له‌سه‌ر پڕۆژه‌ ياسايى بودجه‌ى گشتىى عێراق له‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ زۆر ده‌خايه‌نێت و مانگێك دوای جه‌ژنى ره‌مه‌زانی پێويسته‌ تاوه‌كو بخرێتەبەر ده‌نگدانى ئه‌ندامانى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق.

6ى نیسانى 2023، ‌ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق خوێندنەوەى یەکەمى بۆ پڕۆژەیاساى بودجەى گشتیى عێراق ئەنجامدا کە بڕى پارەکەى زیاتر لە 199 ترلیۆن دینارە و بۆ ماوەى سێ ساڵە.