دیجیتاڵ میدیای سپێده
وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن رایگەیاند کە عێراق لەگەڵ راگەیاندنی ئاگربەستە لەبارەی جەنگی ئۆکراینا- رووسیا.
وەزیری دەرەوەی ئۆکراینا، دمیترۆ کوڵیبا لە میانی سەردانەکەی ئەمڕۆی بۆ بەغدا لەگەڵ فوئاد حوسێن کۆبوویەوە و دوای کۆبوونەوەکەش کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی ھاوبەشییان ئەنجام دا.
وەزیری دەرەوەی عێراق خۆشحاڵی خۆی بەسەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ئۆکراینا بۆ بەغدا نیشاندا و راگەیاند کە ئۆکراینا، وڵاتێکی کشتوکاڵی، پیشەسازییە و جەختی کردەوە لەسەر ئەوەی کە پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ ئۆکراینا بەردەوامە.
وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن رایگەیاند کە عێراق لەگەڵ راگەیاندنی ئاگربەستە لەبارەی جەنگی ئۆکراینا- رووسیا و گوتی: "عێراق ھەوڵدەدات ببێت بە بەشێک لە چارەسەرکردنی جەنگی رووسیا-ئۆکراینا".
باسی لەوەیش کە لە میانی کۆبوونەوەکەدا، لەگەڵ دمیترۆ کوڵیبا باسیان لە پتەوترکردنی پەیوندی بازرگانیی نێوان عێراق و ئۆکراینا کردووە، ھەروەھا لەبارەی ژمارەیەک پرسی دیکەوە گفتوگۆیان کردووە، بەتایبەتیش ئەوەی کە پەیوەستبوو بە دوورخستنەوەی ناوچەکە لە جەنگی ئابووریی.
لای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی ئۆکراینا، دمیترۆ کوڵیبا راگەیاند کە سەردانەکەی بۆ بەغدا، رەنگدانەوەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوو وڵاتە و گوتی: "پەیوەندییەکانمان لەگەڵ عێراق بەردەوام روو لە پەرەپێدانە".