دیجیتاڵ میدیای سپێده
سەرکۆماری عێراق، عەبدولـلەتیف رەشید رایگەیاند کە عێراق ئامادەیە ھەوڵەکانی بخاتەگەڕ لە پێناو دەستەبەرکردنی دەرفەتەکان بۆ سازکردنی گفتوگۆی بونیادنەرانە لەنێوان لایەنەکانی سوودان، بەشێوەیەک کە ھاوکار بێت بۆ زاڵبوون بەسەر لۆژیکی ئاشتیی و پتەوترکردنی رێرەوی دیموکراسی لەو وڵاتە.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق، راگەیەندراوێکی سەرکۆمار عەبدولـلەتیف رەشید-ی لەبارەی رەوشی ئێستای سوودان بڵاوکردەوە و رایگەیاندووە کە بە نیگەرانییەکی زۆرەوە بەدواداچوون بۆ پێشھاتەکانی ئێستای ناوخۆی سوودان دەکەن کە بەھۆیەوە ژمارەیەک ھاووڵاتیی بوونەتە قوربانی و زیانیش بەر دامەزراوەکان کەوتووە و دەرفەتی پێشکەوتن و رێڕەوی دیموکراسیی لەو وڵاتە پەکخستووە.
سەرکۆماری عێراق متمانەی خۆی بە ژیری و توانای لایەنەکانی سوودان نیشانداوە لەوەی بە گفتوگۆ کێشەکانیان چارەسەر دەکەن و ئەم قەیرانەیش تێدەپەڕێنن و داوایشی کردووە کە بەپەلە شەڕ و پێکدادانەکان لە سوودان رابگرێت و لایەنەکان بگەڕێنەوە بۆ ئاشتیی و دیموکراسی.
سەرکۆماری عێراق، عەبدولـلەتیف رەشید جەختی لەوەشکردووەتەوە کە عێراق ئامادەیە ھەوڵەکانی بخاتەگەڕ لە پێناو دەستەبەرکردنی دەرفەتەکان بۆ سازکردنی گفتوگۆی بونیادنەرانە نێوان لایەنەکانی سوودان، بەشێوەیەک کە ھاوکار بێت بۆ زاڵبوونی لۆژیکی ئاشتیی و پتەوترکردنی رێرەوی دیموکراسی لەو وڵاتە.
رۆژی ١٥ی نیسان لە خەرتوم پایتەختی سوودان و ژمارەیەک ناوچەی دیکەی ئەو وڵاتە، شەڕ و پێکدادان لەنێوان سوپا و ھێزەکانی پشتیوانی خێرا روویدا و لە ئەنجامدا ٥٦ مەدەنی کوژران و ٥٩٥ کەسیش برینداربوون.