دیجیتاڵ میدیای سپێده
وتەبێژێكی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، ئێران بە فەرمی بانگهێشتی شای عەرەبستانی سعودیەی كردووە بۆ تاران، دوای ئەوەی هەردوو وڵاتی ڕكابەری ناوچەكە ڕێككەوتن لەسەر كۆتاییهێنان بە ناكۆككی چەند ساڵەی نێوانیان.
دوای ساڵانێك لە پەیوەندییە خراپەكان كە بووە هۆی هاندانی ململانێی بە وەكالەت لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، كە تاران و ڕیاز پشتگیری لایەنی جودا دەكەن هەر لە یەمەنەوە بگرە تا دەگاتە شەڕی سوریا، ئێران و سعودیە گەیشتنە ڕێككەوتن بۆ كۆتاییهێنان بە ناكۆكی حەوت ساڵەی نێوانیان.
دەنگی ئەمریكا لە فرانس پرێسی گواستەوە كە ناسر كەنعانی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی تەلەفزیۆنیدا گوتی "سەرۆك كۆماری ئێران (ئیبراهیم ڕەئیسی) بانگهێشتنامەیەكی بۆ شای سعودیە ناردووە لە بەرامبەر بانگهێشتكردنی بۆ ڕیاز.
ئاژانسی تەسنیمی نیمچە فەرمی ئێران بڵاویكردەوە، شاندە تەكنیكییەكانی هەردوو وڵات ئامادەكاری دەكەن بۆ ئەوەی بە فەرمی نوێنەرایەتییەكانیان بكەنەوە و تارانیش ڕایگەیاندووە، تا 9ی مانگی پێنج ئەو نوێنەرایەتییانە دەست بە چالاكییەكانیان دەكەنەوە.