دیجیتاڵ میدیای سپیده
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئەنتۆنی بلینکن ئاماژەی بەوە کرد لە سوودان کە شەڕ و پێکدادانەکان لەنێوان سوپا و هێزی نیمچە سەربازیی بەناوی هێزەکانی پشتیوانی خێرا بەردەوامە، دوێنێ تەقە لە کاروانی دیپلۆماسیی ئەمریکی کراوە.
بی بی سی بڵاوی کردەوە، ئەنتۆنی بلینکن کە بەمەبەستی بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی G7 سەردانی ژاپۆنی کردووە، باسی لەوە کردووە رووداوەکە کە لە خەرتومی پایتەختی سوودان روویدا، کوژراو و برینداری لێنەکەوتووەتەوە و هێرشەکە جێگەی قبوڵ نییە و ئەوەشیان بە لایەنەکان راگەیاندووە.
ئەنتۆنی بلینکن رایگەیاند: 'ئەم کردەیە بێباک و نابەرپرسانە بوو. ئاسایشی کەسانی ناو کاروانەکەی خستە مەترسییەوە'.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئەوەیشی خستەڕوو کە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە درێژەی هەیە و یەکەم بەڵگە ئەوە دەردەخات کە یەکەکانی سەربە هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە رووداوەکە تێوەگلاون.
لەلایەکی دیکەوە، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، جۆن کیربی باسی لەوە کرد کە سەرەڕای ئەوەی نیگەرانييە ئەمنییەکان بەردەوامن و فڕۆکەخانەی خەرتوم داخراوە، بەڵام لەئێستادا پلانیان نییە بۆ گواستنەوەی کارمەندانی ئەمریکا لە سوودان.
هەروەها باڵیۆزی یەکێتیی ئەورووپا لە خەرتوم، ئیدان ئۆ هارا شوێنی مانەوەی رووبەڕووی هێرش بووەوە، بەڵام بەسەلامەتی رزگاری بوو.