وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكوومه‌تی هه‌رێم چه‌ند بڕیارێكى نوێى بڵاو كرده‌وه‌

دوایین نوێکردنەوە 2020-04-04 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هەولێر-KDP.info- له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ڕێكاری نوێی ڕاگه‌یاند و هاتوچۆی ئۆتۆمبێڵ و پیاده‌ی له‌ سه‌رجه‌م پارێزگا و ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكانی هه‌رێمی كوردستان بۆ ماوه‌ی 48 سه‌عات به‌یه‌كجاری ڕاگیرا.

له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕاى گه‌یاند، "قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ وه‌ك پێویست جێبه‌جێ نه‌كراوه‌، بڕیارماندا به‌ ڕاگرتنی هاتوچۆی ئۆتۆمبێڵ و پیاده‌ به‌شێوه‌یه‌كی ته‌واو له‌ گشت پارێزگاكانی (هه‌ولێر،  سلێمانی، دهۆك، هه‌ڵه‌بجه‌ و ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆكانی ڕاپه‌رێن و گه‌رمیان و گشت یه‌كه‌ كارگێڕییه‌كانیان) بۆ ماوه‌ی 48 سه‌عات، هه‌ر كه‌سێك سه‌رپێچی بكات پێویسته‌ له‌لایه‌ن ئه‌و هێزه‌ ته‌ناهییانه‌ى ڕاسپێردراو به‌جێبه‌جێكردنی بڕیاری ڕاگرتنی هاتوچۆ بگیرێن و ئۆتۆمبێڵه‌كانیان ده‌ستی به‌سه‌ردا بگیرێت و به‌پێی یاسا ڕێكاریان به‌رانبه‌ر ده‌گیرێته‌ به‌ر."

ڕوونكراوه‌ته‌وه‌، "هه‌ر ئه‌فسه‌ر و كارمه‌ندێكی سه‌ر به‌هێزه‌كانی ئاسایشی ناوخۆ و ئاسایش و وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ و ئه‌و هێزانه‌ی سه‌ر به‌ هێزه‌كانی ئیتحادی عێراقین و له‌ناو هه‌رێم خزمه‌ت ده‌كه‌ن ئه‌گه‌ر له‌ئه‌ركی فه‌رمیدا نه‌بن و ئۆتۆمبێڵی سه‌ربازی یان ناسنامه‌ی سه‌ربازی به‌كاربێنن بۆ شكاندنی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ پێویسته‌ له‌لایه‌ن هێزه‌ ته‌ناهییه‌كانه‌وه‌ بگیرێن و ئۆتۆمبێڵه‌كانیان ده‌ستی به‌سه‌ردابگیرێت و به‌پێی یاسا رێكاریان به‌رانبه‌ر ده‌گیرێته‌به‌ر له‌ هه‌ر پۆست و پایه‌كدا بن و پێویسته‌ بیسه‌لمێنن كه‌ له‌ ئه‌ركی فه‌رمیدان."

زیاتر هاتووه‌، "پزیشك و كارمه‌ندان و ستافی كارگێڕی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ئه‌گه‌ر له‌ ئه‌ركی فه‌رمیدا نه‌بن و ئۆتۆمبێڵ یان ناسنامه‌ی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی به‌كاربێنن بۆ شكاندنی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ پێویسته‌ له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ ده‌ستگیربكرێن و ئۆتۆمبێله‌كانیان ده‌ستی به‌سه‌رداگبیرێت و به‌پێی یاسا رێكاریان به‌رانبه‌ر ده‌گیرێته‌به‌ر و پێویسته‌ بیسه‌لمێنن كه‌ له‌ ئه‌ركی فه‌رمیدان."

ئاشكراى كردووه‌، "پڕۆسه‌ی دابه‌شكردنی مووچه‌ له‌و ماوه‌ی سه‌ره‌وه‌دا به‌رده‌وام ده‌بێت به‌ مه‌رجێك وه‌زاره‌ت و فه‌رمانگه‌ پێوه‌ندیداره‌كان پێویسته‌ پێشوه‌خت هه‌ماهه‌نگی ته‌واو له‌گه‌ڵ ژووری ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی پاریزگاكان و ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكان بكه‌ن بۆ رێكخستنی شێوازی دابه‌شكردنی مووچه‌ و پێویسته‌ له‌ بانكه‌كان مه‌ودای نێوان دوو كه‌س له‌ دوو مه‌تر كه‌متر نه‌بێت و گشت رێكاره‌كانی خۆپاراستن به‌پێی رێنماییه‌كانی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی بگیرێنه‌به‌ر."

ئه‌وه‌یش خستراوه‌ته‌ڕوو، كه‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی گشت ئه‌و ڕێ پێدانانه‌ی كه‌ پێش ئێسته‌ دراون له‌ لایه‌ن پارێزگا و ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكان و یه‌كه‌ كارگێڕییه‌كانیان و گشت داموده‌زگاكانی حكوومه‌ت بۆ هاتوچۆكردن به‌و ریگه‌ پێدانانه‌شه‌وه‌ كه‌ له‌ یه‌كى شه‌و تا شه‌شی به‌یانی ده‌دران به‌ هاووڵاتییان.