لە چین ژمارەی ئەو کانی خەڵوزانەی کە رۆبۆت بەکاردەهێنن 370 ی تێپەڕاند

دوایین نوێکردنەوە 2023-04-19 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

لە چین ژمارەی ئەو کانانەی کە تێیدا رۆبۆت بۆ جێبەجێکردنی ئەرکە مەترسیدارەکان بەکاردەهێندرێت ٣٧٠ی تێپەڕاند.

بەپێی ئەو راگەیەندراوەی کە لە کۆمەڵەی خەڵوز و پیشەسازیی چینەوە بڵاوکراوەتەوە، لە چین کە گەورەترین بەهەمهێنەری خەڵوزە لە جیهاندا لە ماوەی ساڵانی رابردوودا لە چوارچێوەی دیجیتاڵکردنی کانەکانی خەڵوز بەکارهێنانی رۆبۆت بووەتە باو.

لە ئێستادا ئەو رۆبۆتانەی کە لە زیاتر لە ٣٧٠ کان بەکاردەهێندرێن ٣١ ئەرکی جۆراوجۆری وەکو لێکۆڵینەوە لە شوێنی رووداوەکان، ساردکردنەوە، هەڵکۆڵین، کوژاندنەوەی ئاگر و کاری گەڕان و رزگارکردن ئەنجامدەدەن.

لە وڵاتەکە لە ساڵی ٢٠١٦وە بۆ ئێستا لەگەڵ زیادبوونی بەکارهێنانی رۆبۆت ژمارەی ئەو کارمەندانەی کە لە ئەرکی مەترسیداردا کاردەکەن ٣٧٠ هەزار کەمیکردووە.

دامەزراوەکانی وەکو وەزارەتی پیشەسازیی و تەکنەلۆژیای زانیاریی، وەزارەتی ئیدارەدانی دۆخی لەناکاو و ئیدارەی نیشتمانیی پشکنینی ئەمنییەتی کانەکان لە مانگی کانوونی دووەمدا "پلانی کارکردنی رۆبۆت+جێبەجێکردن"یان بڵاوکردبوویەوە و بەپێی پلانەکە ئامانج ئەوەیە کە تاکو ساڵی ٢٠٢٥ ژمارەی ئەو رۆبۆتانەی کە ئەرک لە پیشەسازییە گرنگەکان بەڕێوەدەبەن ١٠٠ تێپەڕێنێت.

بەپێی ئامارەکانی نووسینگەی ئاماری نیشتمانیی چین، رێژەی بەرهەمهێنانی خەڵوز لە وڵاتەکە لە ساڵی رابردوو بەراورد لەگەڵ ساڵی پێشووتر لەسەدا نۆ زیادی کردووە و گەیشتووەتە ٤،٥ ملیار تۆن.