هەولێر-KDP.info- وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، رەتی كردەوە كە ھیچ قەیرانێكی نەبوونی خۆراك و كەلوپەل روو بدات و دەڵێ، ھاوردەكردنی كەلوپەل و خۆراك زۆر زیادی كردووە و قەت لەگەڵ پێشتر بەراورد ناكرێت. لەبارەی گرانیی نرخیشەوە، ھۆشداری دەدات ھەر كەس و بازرگانێك نرخ بەرز بكاتەوە، سزا دەدرێت.
كەمال موسلیم، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "كەلوپەلێكی زۆر لە رێگەی بەندەرەكانەوە بەڕێوەیە بۆ ھەرێمی كوردستان و رێژەیەكی زۆریش گەیشتووە، بە تایبەتی پێداویستیی ئەم قۆناغە، وەك خۆراك و ھاوردەكردنیشی زۆر زیادی كردووە و لەگەڵ پێشتر بەراورد ناكرێت، بەردەوامیش خۆراك و كەلوپەل دێتە ھەرێمی كوردستان".
وەزیری بازرگانی و پیشەسازی دەڵێت: "سێ رۆژە دەستمان بە دابەشكردنی بەشەخۆراكی مانگانەی ھاووڵاتیان كردووە و ٧٠%ی دابەش كراوە و ئەوەیشی ماوە بەردەوامین بۆ ئەوەی بگاتە دەست ھاووڵاتیان، شتی دیكەش دێت، وەك شەكر و برنج، هەروەها ھەندێ بابەتی تەندروستی ماوە ئەوانیش چارەسەر دەكرێت و دەست بە دابەشكردنی دەكەین".
لەبارەی بەرزبوونەوەی نرخەوە، كەمال موسلیم روونی كردەوە: "راستە نرخی ھەندێ كەلوپەل گران بووە لە بازاڕ، كە ھۆكارەكەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە بەشێك لەو كەلوپەلانە لەو سەرچاوەیەی لێی بەرھەم دێت نرخی بەرز كراوەتەوە، ھەندێكێشی بۆ خواست دەگەڕێتەوە لەسەر بازاڕ، دەتوانم بڵێم رێكارەكانی خۆپارێزیش لە مەرزەكان كاریگەری ھەبووە، چونكە حكوومەت لە مەرزەكان رێكاری توندی گرتووەتە بەر بۆ خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا و بارھەڵگر ھەیە تا دوو هەفتەش دەمێنێتەوە، ئەوەش وای كردووە كرێی گواستنەوە زیاد بكرێت و كاریگەری لەسەر بەرزبوونەوەی نرخ كردووە".
ناوبراو جەختی كردەوە: "ھەر كەسێك رەوشەكە بقوزێتەوە و نرخ گران بكات، رێكاری یاسایی لە بەرامبەری دەگرینە بەر و گرتووشمانەتە بەر، چونكە رێگە بە ھیچ كەسێك نادرێت دەستكاری نرخ بكات و رەوشەكە وەك دەرفەت بەكار بێنێ بۆ گرانفرۆشی".
قائید میرۆ