شوكر بۆ KDP: ئەو كۆمپانیانەی پەیوەندیان بە ژیانی رۆژانەی خەڵكەوە هەیە كراونەتەوە

دوا نوێکردنەوە: 2020-04-04 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هەولێر-KDP.info- سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، ئەو كۆمپانیا و كارگانەی پەیوەندییان بە ژیانی خەڵكەوە هەیە، نەوەستاون و پێداویستیی رۆژانە بۆ خەڵك دابین دەكەن. دەشڵێ: "335 پڕۆژەمان لە هەرێم لە كاردا بوون، بەڵام بە هۆی قەدەغەی هاتوچۆوە راگیرابوون، ئێستاش هەوڵ دەدەین بەپێی دۆخەكە ئەوانیش دەست بە كاركردن بكەنەوە".

د. محەمەد شوكر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "هەر كارگە و كۆمپانیایەك كە پەیوەندی بە ژیانی رۆژانەی خەڵكەوە هەیە، كراونەتەوە و كاری خۆیان دەكەن وەكو كارگەی ماست و زەیت و شیر و كارتۆن و خۆراكەكانی دیكە، كە ئەوانی دیكەش وردە وردە دەكرێنەوە بەپێی دۆخەكە، ئەمە وەكو قۆناغی یەكەمە و لە قۆناغەكانی داهاتوودا ئەوانی تریش دەكرێنەوە".

ناوبراو گوتیشی: "لە هەرێمی كوردستاندا 335 پڕۆژە راگیراون كە هەموو جۆرە پڕۆژەیەك لە خۆ دەگرێت، بەڵام جارێ بە هۆی بڵابوونەوەی نەخۆشیی كۆرۆنا راگیراون، چونكە ئەو نەخۆشییە مەترسیدارە و بەپێی دۆخەكەش وردە وردە ئەوانیش دەست بە كاركردن دەكەنەوە".

 

بڵند ئیبراهیم