دیجیتاڵ میدیای سپێده
تۆڕی میدیایی یەكگرتوو بەبۆنە (125)ەمین ساڵیادی ڕۆژنامەگەریی كوردییەوە پیرۆزبایی لە تێكڕای ڕۆژنامەنووسان و میدیاكارانی كوردستان دەكات.
تۆڕی میدیایی یەكگرتوو لە یادی سەدو بیست وپێنج ساڵەی رۆژنامەگەریی كوردییدا،گەرمترین پیرۆزبایی لە رۆژنامەنوسان و میدیاكارانی كوردستان دەكات و رایدەگەیەنێت: بەبۆنە (125)ەمین ساڵیادی ڕۆژنامەگەریی كوردییەوە، كە هاوكاتە لەگەڵ جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز، قەشەنگترین و جوانترین پیرۆزبایی لە خۆمان و تێكڕای ڕۆژنامەنووسان و میدیاكارانی كوردستان دەكەین.
تۆڕی میدیایی یەكگرتوو لەبەیاننامەیەكدا راشیدەگەیەنێت: لەم یادەدا هیواخوازین كاری میدیایی و ڕەوشی ئازادیی ڕۆژنامەگەری لە كوردستان پێشڤەچوونی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت و، ڕۆژنامەنووسانی باشووری كوردستان و ناوچەكە بەگشتی بەسەر ئاڵنگاری و سەختییەكاندا زاڵ بن و، بە خەباتی وشە و قەڵەم، جوانتر خزمەتی كۆمەڵگای كوردستان بكەن، لە هەمان دەمدا لە خستنەڕووی كەلێن و كێماسییەكان بوێرتر و پرۆفیشناڵتر پەیامی ڕەخنەگرانەی خۆیان بگەیەنن.
هەر لە بەیاننامەكەی تۆڕی میدیایی یەكگرتوو هاتووە: دووبارە پیرۆزە و، بەو هیوایەی یادەوەریی هەڵگیرساندنی مۆمی (126)ەمینی ڕۆژنامەگەریی كوردی، قۆناغی بنیاتنانی متمانە و میسداقیەتی زۆرتری نێوان خەڵك و میدیا بێت، كە لە ڕۆژگاری ئێستاماندا یەكێكە لە پێداویستییە لەپێشینەكان.