ئەمڕۆ یادی بوردومان و راپەڕینی شاری قەڵادزێە، كە لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە لە 24-4-1974 بۆردومانكرا و و دواتر لە ساڵی 1982 لە هەمان رێكەوت راپەڕینێك بەرپا كرا و تێدا ژمارەیەكی زۆر شەهیدو برینداری لێكەوتەوە، ساڵانە لە رۆژی بۆردومانەكەدا كە هاوكاتە لەگەڵ راپەڕینی ئەو شارە دژی رژێمی بەعس بەرپرسانی حیزبی و حكومی سەردانی قەڵادزێو دەڤەری ڕاپەڕین دەكەن، بەڵام ئەمساڵ هاوڵاتیان و دانیشتوانی قەڵادزێ گلەیی ئەوە دەكەن كە بەرپرسانی هەرێم تەنیا لەكاتی یادی ئەو كارەساتە دەڤەری قەڵادزێیان بیر دەكەوێتەوە.
لای خۆیەوە یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە سنوری قەڵادزێ بایكۆتی مەڕاسیمی تایبەت بە بۆردوومان و ڕاپەڕینی شاری قەڵادزێ دەكات و پێی وایە ساڵانێكە جگە لە بەڵێنی بێ كردار و قوڵتر كردنی زامەكان چی دیكەی بۆ ئەو سنوورە نەبووە.
دوای تێپەڕینی نزیكەی بە نیو سەدە دوو روداوی گەورە لە قەڵادزێ كە دواتر بووە هێمای مەزڵومیەت و سمبولی بەگژداچوونەوەی ستەم و نادادی ئەوانیش یەكەم بۆردومانی 24/4/1974 و ڕاپەڕینە جەماوەرییەكەی 24/4/1982 كە تێیدا ژمارەیەكی زۆری هاوڵاتیانی سڤیل و بەتایبەت قوتابیانی زانكۆ تێیدا شەهید و بریندار بوون جگە لە گرتن و ئەشكەنجەدانی ژمارەیەكی تر، لەگەڵ ئەمەش ڕاپەڕینی شارەكە بوو بە دانانی سنورێك بۆ مڵهورییەكانی ڕژێمی بەعس و هەوێنی چەندین دەستكەوت بۆ ئەو سەردەمە.