وەزیرانی بەرگری و بەرپرسانی هەواڵگری تورکیا، ئێران، سوریا و ڕووسیا کۆدەبنەوە

دوایین نوێکردنەوە 2023-04-26 00:00:00 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

وەزیرانی بەرگری و بەرپرسانی هەواڵگری وڵاتانی سوریا و ئێران و تورکیا و ڕووسیا ڕۆژی سێشەممە کۆبوونەوە و ئەنکەرە و مۆسکۆ وتیان گفتوگۆکان بونیادنەرانە بوون، ئەمەش وەکو بەشێک لە هەوڵەکان بۆ دووبارە دامەزراندنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان سوریا و تورکیا کە بەهۆی شەڕی ناوخۆی سوریاوە تێکچوون. لە شەڕی ناوخۆی سوریادا تورکیای ئەندام لە ناتۆ پشتیوانی لە ئۆپۆزسیۆنە چەکدارەکانی سوریای کرد دژی سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد، هەروەها لە ماوەی شەڕەکەدا هێزەکانی ڕەوانەی باکووری سوریا کرد. مۆسکۆ هاوپەیمانی سەرەکی سوریایە و ڕووسیا هانی ئاشتبوونەوەی سوریای داوە لەگەڵ تورکیادا. بەڵام دیمەشق داوای کشانەوەی تەواوەتی هێزەکانی تورکیا دەکات پێش ئەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵدا ئاسایی بکاتەوە. وەزیرانی بەرگری ڕووسیا و تورکیا لە بەیاننامەی جیادا وتیان لە گفتوگۆکاندا لە مۆسکۆ، وەزیران و سەرۆکەکانی دەزگا هەواڵگرییەکانی چوار وڵاتەکە تاوتوێی پتەوکردنی ئاسایشی سوریا و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەنکەرە و دیمەشقییان کردووە. وتیشیان هەر چوار وڵاتەکە دووبارە جەختییان لە ئارەزووی خۆیان کردۆتەوە بۆ پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سوریا و پێویستییەکان بۆ چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ گەڕانەوەی خێرای پەنابەرە سورییەکان بۆ وڵاتی خۆیان. وەزارەتی بەرگری سوریا وتی لە گفتوگۆکاندا تاوتوێی کشانەوەی هێزەکانی تورکیا کراوە لە سوریا و هاوکات باس لە کردنەوەی ڕێگای خێرای ستراتیژی M4 کراوە کە ڕێگە خۆش دەکات لەبەردەم دووبارە زیندووکردنەوەی بازرگانی سوریا لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا. بەرپرسانی ڕووسیا چەندین جار وتوویانە هەر جووڵەیەک بەرەو ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان دیمەشق و ئەنکەرە تەنها دوای ئەوە دەبێت کە تورکیا ڕازی ببێت بە کشانەوەی ئەو هەزاران سەربازەی کە لە باکووری ڕۆژئاوای سوریا جێگیریکردوون. بوونی هێزە سەربازییەکانی تورکیا ڕێگر بووە لە هەوڵەکانی پێشووی هەڵمەتە سەربازییەکاندا بە ڕابەرایەتی ڕووسیا بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەی دوایین ناوچەی ژێر دەسەڵاتی چەکدارانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا. سەرچاوە/ ڕۆیتەرز