ئەنتۆنیۆ گوتیرێس: "کێشەی سوودان لە مەیدانی جەنگدا چارەسەر نابێت"

دوایین نوێکردنەوە 2023-04-26 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپێده‌

سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنتۆنیۆ گوتیرێس دەربارەی پێکدادانەکانی سوودان رایگەیاند: "ئەم کێشەیە بە تەرمی هاووڵاتییانی سوودان و لە مەیدانی جەنگدا چارەسەر ناکرێت".

ئەنتۆنیۆ گوتیرێس لە میانی کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی ئاسایش تایبەت بە پرسی سووداندا، گوتارێکی پێشکەش کرد و جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە بەزووترین کات پێکدادانەکانی سوودان کۆتاییان پێبێت و داوای "چەکدانان"ی لە هەموو لایەنەکان کرد.

سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، هەروەها جەختی لەوەش کردەوە کە پێویستە سەرکردەکانی سوودان بەرژەوەندییەکانی گەلەکەیان بکەنە کاری لەپێشینە و گوتی: "ئەم کێشەیە بە تەرمی هاووڵاتییانی سوودان و لە مەیدانی جەنگدا چارەسەر ناکرێت".

ئەنتۆنیۆ گوتیرێس هۆشداری لەوەشدا کە ململانێی دەسەڵات لە سوودان بەتەنها ئایندەی ئەو وڵاتە ناخاتە مەترسییەوە، بەڵکو هاندەرێکیش دەبێت بۆ دروستبوونی پێکدادانی ئەودیو سنوور لە وەها دۆخێکیشدا بەرەوپێشچوونی دەیان ساڵەی ئەو وڵاتە لەناودەچێت و گرفتێکی جیددی دروست دەبێت.

سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنتۆنیۆ گوتیرێس جەختی لەوەش کردەوە، پێویستە لایەنەکان پابەندبن بە ئاگربەستە ٧٢ کاتژمێرییەکە و داواشی لە سەرجەم وڵاتانی جیهان کرد، هەوڵبدەن بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و گەڕانەوەی لایەنە ناکۆکەکان بۆسەر مێزی گفتوگۆ.