ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی: مردن بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا بە ڕێژەی %95 کەم بووەتەوە، بەڵام ڤایرۆسەکە بەردەوام لە گۆڕاندایە

دوا نوێکردنەوە: 2023-04-26 00:00:00 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند مردن بە هۆی ڤایرۆسی کۆڤید-19 (کۆرۆنا) لە سەرەتای ئەمساڵەوە بە ڕێژەی لەسەدا 95 کم بووەتەوە، بەڵام هۆشداری دا کە ڤایرۆسەکە هێشتا لە ئارادایە. ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕایگەیاند ڤایرۆسەکە هەر ماوەتەوە و وڵاتان دەبێت فێربن چۆن مامەڵە لەگەڵ کاریگەرییە بەردەوامەکانی ئەم ڤایرۆسەدا بکەن،  لەوانەدا حاڵەتەکانی دوای کۆڤید-19، یان کۆڤیدی درێژخایان. تێدرۆس ئەدهانۆم گێبریۆسیس، سەرۆکی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی"زۆر دڵخۆشین بەهۆی دابەزینی بەردەوامی ڕاپۆرتەکانی مردن بەهۆی Covid-19، کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە بە ڕێژەی 95% دابەزیوە".   ئاماژەی بەوەشکرد، " بەڵام هەندێک وڵات بەرزبوونەوەی ڤایرۆسەکە  دەبینن و لە ماوەی چوار هەفتەی ڕابردوودا 14 هەزار کەس بەهۆی ئەم ڤایرۆسەەوە گیانیان لەدەستداوە." هەروەها گوتیشی " وەک دەرکەوتنی جۆری نوێی XBB.1.16 دەریدەخات، ڤایرۆسەکە هێشتا لە گۆڕاندایە، و هێشتا توانای ئەوەی هەیە ببێتە هۆی شەپۆلی نوێی توشبوون و مردن." ماریا ڤان کەرخۆڤ، لە پێشەنگی تەکنیکی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی سەبارەت بە Covid-19 ڕایگەیاند، ئێستا جۆری لاوەکی XBB لە سەرانسەری جیهاندا بڵاوبووەتەوە. ئەم جۆرە لە گەشەسەندندایە واتا مرۆڤەکان دەتوانن دووبارە تووش ببنەوە سەرەڕای ئەوەی دەرزیی دژی کۆرۆنایان لێدراوە یان پێشتر تووشی بوون. داوای زیادکردنی چاودێریکردن دەکات لەڕێگەی پشکنینەکانەوە "بۆ ئەوەی بتوانین چاودێری خودی ڤایرۆسەکە بکەین و تێبگەین کە هەریەکێک لەم گۆڕانکاریانە مانای چییە". ئاماژەی بەوەشکردووە، دەکرێت ئەو زانیارییانە یارمەتیدەربن بۆ پێکهاتەی ڤاکسینەکە و بڕیارەکان لەبارەی مامەڵەکردن لەگەڵ ڤایرۆسەکە. تێدرۆس دووپاتی کردەوە کە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی بە هیوای ئەوەیە کۆتایی بە کۆڤید-19 وەک حاڵەتێکی نائاسایی تەندروستی گشتی ڕابگەیەنێت کە نیگەرانی نێودەوڵەتییە. چاوەڕوان دەکرێت مانگی داهاتوو  لەگەڵ ئەو لیژنەیەی کە ڕاوێژکاری دەکات سەبارەت بە دۆخی کۆڤید-19 کۆببێتەوە. لە 30ی 1ی 2020 کۆڤید-19 لەلایەن ڕێکخراوی تەندروستی جیهانییەوە وەک باری نائاسایی تەندروستی گشتی و نیگەرانی نێودەوڵەتی ڕاگەیاندرا. بە پێی زانیارییەکانی کە لە ڕێکخراوەکە تۆمار کراوە هەتا ئیستا 6 ملیۆن و 915 هەزار و 286 کەس لە سەرانسەری جیهاندا بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە. سەرچاوە: ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی