حكومەتی هەرێم جارێكیتر پەنا دەباتەوە بەر هەناردەی نەوت بە تانكەر

دوایین نوێکردنەوە 2023-04-28 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

ديجيتاڵ میدیای سپێده‌

سەرچاوەیەك لە حكومەتی هەرێمی كوردستان: كێشەی ڕاگرتنی نەوتی هەرێم لە نێوان عێراق و هەرێمدا نەماوە، بەڵكو بووەتە كێشە لە نێوان عێراق و توركیادا.


بەگوێرەی هەواڵێكی بەشی كوردیی دەنگی ئەمریكا، ڕازی نەبوونی توركیا بە دەستپێكردنەوەی ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێم پەیوەندی بە كێشەی سكاڵاكانی عێراق لەسەر ئەو وڵاتە و دۆسیەی ئاو و چەندین دۆسیەی هەڵپەسێردراوی نێوانیانەوە هەیە.
سەرچاوە باڵاكەی حكومەتی هەرێم كە داوای كرد ناوی ئاشكرا نەكرێت، پێشبینیكرد بەمنزیكانە لێكتێگەیشتن لەنێوان عێراق و توركیا دروستببێت، ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان دەستپێبكاتەوە و بە دەنگی ئەمریكای ڕاگەیاندووە "بەپێی ڕێككەوتنی نێوان ئێمە و عێراق، هەرێم خۆی نەوتەكەی دەفرۆشێت و داهاتەكەشی دەگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی حكومەتی هەرێم، عێراق تەنها سەرپەرشتی پڕۆسەی نەوتی هەرێم دەكات."
لە مانگی ڕابردووەوە ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی توركیاوە ڕاگیراوە، دوای ئەوەی حكومەتی عێراق دۆسیەیی یاسایی لە ژوری ناوبژیوانی نێو دەوڵەتی پاریس لە توركیا بردەوە، تا ئێستاش هیچ وادەیەك دیاری نەكراوە بۆ دەست پێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم.
سەرچاوە باڵاكەی حكومەتی هەرێمی كوردستان وتی " ئەگەر توركیا ڕێگە بە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم نەدات و عێراقیش كێشەكە چارەسەر نەكات، بیرمان لەوە كردووەتەوە نەوت بە تەنكەر لە ڕێگەی توركیا و ئێرانەوە بفرۆشین، وەك چۆن بەشێك لە نەوتی سوریا بە تەنكەر دەفرۆشرێت، بەڵام ئەم ڕێگەیە تێچووی زۆری دەوێت."
لە كاتێكدا لە سەدا حەفتای داهاتی هەرێـم پشتی بە فرۆشتنی نەوت بەستبوو، و ئێستا ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێم ڕاگیراوە بەڵام حكومەتی هەرێم مووچەی مانگی ڕابردووی دابەش كرد، هەرچەندە هێشتا ڕوون نییە هەرێم بۆ ما نگەكانی داهاتوو چ ڕێگەیەك دەگرێتە بەر بۆ دابین كردنی مووچەی فەرمانبەران. لەم بارەیەوە سەرچاوە باڵاكەی حكومەتی هەرێم وتی " عێراق ناتوانێت مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم نەدات و هیچ پاساوێكی یاسایی لەدەستی ناوەند نەماوە لەم بارەیەوە، بۆیە بەغداد پابەندە بە دابین كردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمەوە."
سەرچاوە باڵاكەی حكومەتی هەرێم وتیشی " كێشەی نێوان هەرێم و بەغداد سیاسیە زیاتر لە كێشەی ئابوری، چونكە عێراق نایەوێت هەرێمی كوردستان خاوەنی ئابوری سەربەخۆ بێت، بۆ ئەوەی مەترسی جیابوونەوەی كورد لە عێراق نەهێڵێت."
لەبارەی چارەنووسی ئەو كۆمپانیا دەرەكیانەی كە گرێبەستی نەوتیان لەگەڵ حكومەتی هەرێم هەیە سەرچاوە باڵاكەی حكومەت وتی "ڕێككەوتنی نێوانمان لەگەڵ عێراقدا بە شێوەیەكی وایە كۆپانیاكان بانگ دەكرێن و قسەیان لەگەڵدا دەكرێت، دەبێت نەوت بە نرخی بازاڕی جیهانی بفرۆشن نەك كەمتر."