فاتمە سەڵاح/ ئەمڕۆ 28ی مانگی نیسانە، ئێوارەیە ئاسمانی شار بەرگی رەشی داپۆشیوە بەڵام رەشیەکەی ئەمجارەی لەبەر نەمانی خۆر نییە، گەردەلوولێکی تۆقێنەری هەڵکردووە کە زۆر لە شێوەی گەردەلوولی پایزان ئەچێت.
ئەمڕۆ رۆژێکی جیاوازە، نیسانی ئمساڵ بەرگی پاییزی پۆشیوە، پەرێشانە و رەنگی زەردە و مژدەی شەهیدبونی دەیان "حەمە"ی هەڵگرتووە، لەگەڵیا مژدەی تۆ!.
مژدەی لەدایکبوونێکی نوێ لەنێو تەنۆلکەکانی گەردەلولەکەی هەڵگرتووە زۆر بە خێرایی و بەبێ وچان بەرەو دەرگای ماڵە باوانت ئەڕوات، ئەوەندە خێرا و بەپەلەیە بۆ ساتێکیش ڕاناوەستێت، هەرکە گەێشتە بەردەرگا زۆر بەتوند و توڕەیی دەرگای ئەدا بەبێ ئەوەی هیچ چاوەڕێ بێت، گەردەلول پەیامی شەهید بونت و لەدایکونێکی نوێت لە دونیایکی نوێ ئارام و بەرین پێ راگەیاندین.
بەڵێ لەدایکبوونێکی نوێ و رزگاربوونت لەم دونیایە پیسە، تۆ لەو رۆژەدا دوبارە لەدایک بویتەوە تۆ ئەم ژیانتەت بردەوە، بەڵام جلی باوانت و تارای بوکێنی دوو مانگەی خوشکت بوو بە رەش ئەو خوشکەی کە هەردەم هاوێت بوو تەنانەت لە دوا ساتی دەرچونت لەماڵ دەسبەندێکی سەوزی لە دەستی تۆی بەست و پێ وتی خوا پشت و پەنات بێت.
برای شیرینم حەمە گیان ئەمڕوو یادی 9 ساڵەی شەهید بونی تۆ و حەمەکانی هاوڕێتە یادی شەهیدبوونی 36 گەنجی خوێن گەرم و بێ تاوانی خانەقینە، بە کارەساتێکی قێزەوەن، بنوون ئارام بنوون، شار بووە بە وێرانە و فرۆشراوە، زۆر دەمێکە تام و بۆنی خانەقینمان وەکو جارانی نەماوە.