دیجیتاڵ میدیای سپێده
ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە ڕایگهیاند: ئاک پارتی دەیەوێت پەکەکە وا نیشان بدات کە جودا خوازە، نەخێر ئێمە یەکپارچەیی تورکیامان دەوێت.
موراد قەرەیلان ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە بۆ میدیاکانی حزبەکەی باسی لە ئامانجەکانیان لە تورکیا کرد و وتی، "دەمانەوێت یەکگرتوویی گەلان لە تورکیا بنیات بنێین و بەهێزی بکەین. ئێستا یەکێتییەکیان دەوێت، کە بە چەک، تانک و تۆپ و فڕۆکە بنیات بنرێت، ئێمە ئەوە دەگۆڕین بۆ یەکێتیی ئارەزوومەندانە."
قەرەیلان بە ئاماژەدان بەوەی نایانەوێت تورکیا دابەش بکەن وتی، " بۆیە ئێمە پارێزگاری لەوە دەکەین، کە هەموو کەسێک دەبێت بە دادپەروەری، حەق، یاسا و مافەکانی و سەربەخۆیی خۆییەوە بژی. ئەمە ئەو شتەیە، کە ئێمە پێی دەڵێین، خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیک. واتە یەکێتیی گەلان بە شێوەی یەکسان و ئازادە. ئەمە ئامانجی ئێمەیە."
قەرەیلان هەروەها دەشڵێت، "ئاکەپە، مەهەپە، هەندێک هێزی دیکە و بەرپرسانی دەوڵەتی تورک چەمکی جودایخوازی بۆ بزووتنەوەکەمان بەکار دەبەن، بەڵام ئەوە ڕاست نییە. ئێمە باس لە هێڵێکی ئایدۆلۆژی و سیاسی دەکەین، کە پێویستە یەکێتییەکی ئارەزوومەندانەی تیادا بنیات بنرێت."
هەروەها باسی ئەوەشی کردووە، "لە ڕاستیدا، مەترسیی جوداییخوازی لە تورکیا نەک لەلایەن ئێمەوە، بەڵکو لە عەقڵییەت و تێگەیشتنێکی زۆر چری تورکبوونەوە لەژێر ناوی ڕەگەزپەرستیدایە. ئەو کەسانەی بەو عەقڵییەت و تێگەیشتنەوە دەجوڵێنەوە جوداخوازن و ڕاستیی ئەو بابەتە بەو شێوەیەیە."