گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ئەحمەد سەحاف رایگەیاند کە تا ئێستا، ٢٥٣ ھاووڵاتی عێراق لە سوودان گواستراونەتەوە.
ئەحمەد سەحاف لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ھەواڵیی فەرمی عێراق رایگەیاندووە کە تا ئێستا، ٢٥٣ ھاووڵاتی عێراقی و ١٦ ھاووڵاتیی سووریاییان لە سوودان گواستووەتەوە.
رۆژی ٢٧ی ئەم مانگە وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەستپێکردنی گواستنەوەی ھاووڵاتییانی عێراقی لە سوودان رایگەیاند.
لای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن رایگەیاندبوو کە لەڕێگای نێردەی دیپلۆماتیی عێراقییەوە لە سوودان، ٢٣٤ ھاووڵاتی عێراقی و ١٦ ھاووڵاتی سووریایی لە سوودانەوە گواستراونەتەوە بۆ بەغدا .
رۆژی ١٥ی نیسان لە خەرتوم پایتەختی سوودان و ژمارەیەک شاری دیکەی ئەو وڵاتە، شەڕ و پێکدادان لەنێوان سوپای سوودان و ھێزەکانی پشتیوانی خێرا سەریھەڵدا کە تا ئێستا بەردەوامە.
بەپێی دوایین ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی سوودان لە شەڕ و پێکدادانەکاندا، تا ئێستا ٥٢٨ کەس کوژراون و چوار ھەزار و ٥٩٩ی دیکەیش برینداربوون.