دیجیتاڵ میدیای سپێده
وەزارەتی بازرگانیی عێراق، لە هەولێر و دهۆك و كەركووك و بەغدا و چەند پارێزگایەكی تر، چاودێری پرۆسەی بەرهەمهێنانی ئارد دەكات، دەركەوتووە ئەو ئاردە كوالێتی باشە و نانێكی باشی لێ دروست دەبێت.
ئەمڕۆ یەك شەممه 30ـی نیسان_ی 2023 ، وەزارەتی بازرگانیی عێراق بڵاوی كردووەتەوە، كۆمپانیای گشتی پرۆسەی بە بازاڕكردنی گەنم و بەرهەمهێنانی ئارد، كار بۆ بەرهەمهێنانی بەشە ئاردی سێیەم بۆ ئەمساڵ دەكات و كۆتایی هەفتە دەست بە دابەشكردنی دەكرێ.
ئاماژهی بهوهش كردووه، لیژنە هاوبەشەكان كە پێكهێنراون، لە پارێزگاكانی هەولێر، نەجەف، كەركووك، سەڵاحەدین و بەغدا و چەند پارێزگایەكی تری عێراق، سەرقاڵی پرۆسەی بەرهەمهێنانی ئاردن، هەروەها بەدواداچوونیان بۆ میكانیزمی دابینكردنی ئارد كردووە، ئەویش بە پشكنینی ئاردی بەرهەمهێنراو.
ئاماژه بهوهش كراوه ئاردی بەرهەمهێنراو كوالێتی باشە و بەكەڵكی دروستكردنی نان دێت و هاووڵاتییان دەتوانن بەكاری بهێنن.
لە هەمان كاتدا وەزارەتی بازرگانیی عێراق، ناوەڕۆكی كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڵاو كردووەتەوە و تێدا هاتووە، دەسەڵاتی تەواو دراوەتە ئەو بەڕێوەبەرایەتییەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە سەرپەرشتی چاودێری پرۆسەی بە بازاڕكردنی گەنم بكات.