میدیای دەوڵەتی ئێران دەڵێت ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆکی ئێران ڕۆژی چوارشەمە لە گەشتێکی "زۆر گرنگ"ی دوو ڕۆژیدا سەردانی دیمەشق دەکات هاوکاتی زیادبوونی پەیوەندییە ناوچەییەکان لەگەڵ ڕژێمی سوریادا. ئاژانسی هەواڵی فەرمی ئیرنا ڕۆژی یەکشەممە لە زاری حسێن ئەکبەری باڵوێزی ئێران لە سوریاوە ڕایگەیاند "سەردانەکەی دکتۆر ڕەئیسی بۆ دیمەشق ڕۆژی چوارشەممەی داهاتوو بە هۆی ئەو گۆڕانکاری و پێشهاتانەی کە لە ناوچەکە ڕوودەدەن، سەردانێکی زۆر گرنگ دەبێت." بەگوێرەی ڕاپۆرتەکەی ئیرنا، ڕەئیسی لە گەشتێکی دوو ڕۆژیدا لەسەر بانگهێشتی فەرمی بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا، سەرکردایەتی "شاندەیەکی باڵای ئابووری-سیاسی" دەکات. تاران هاوپەیمانێکی سەرەکی ئەسەد بووە لە ململانێی 12 ساڵەی سوریادا پاڵپشتی حکومەتەکەی کردووە، بەڵام لە دوای دەستپێکردنی شەڕ لە ساڵی 2011ەوە هیچ سەرۆکێکی ئێران سەردانی ئەو وڵاتەی نەکردووە. ئەم سەردانە دوای هەفتەیەک لە ڕێککەوتنێکی مێژوویی نزیکبوونەوە دێت لە نێوان ئێران و عەرەبستانی سعودیەی ڕکابەری ناوچەیی، کە جەختی لەسەر خواستی زیاتری وڵاتانی عەرەبی بۆ گەڕاندنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکومەتی سوریادا کرد. ئاژانسە فەرمییەکەی ئێران لە زاری حسێن ئەکبەرییەوە دەشڵێت " گەشتەکە نەک هەر لە بەرژەوەندی تاران و دیمەشق دەبێت، بەڵکو کارێکی زۆر باشیشە کە دەشێت لە بەرژەوەندی وڵاتانی دیکەی ناوچەکەشدابێت." تا ئێستا هیچ لێدوانێکی فەرمی لەم بارەیەوە لەلایەن سەرۆکایەتیی سوریاوە بڵاونەکراوەتەوە. دوایین سەرۆک کۆماری ئێران کە سەردانی پایتەختی سوریای کرد، مەحمود ئەحمەدی نژاد بوو، لە مانگی 9 ی ساڵی 2010دا. سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەدیش دوایین جار لە مانگی پێنجی ساڵی ڕابردوو سەردانی تارانی کرد، لە دووهەمین گەشتی فەرمیدا بۆ کۆماری ئیسلامی لە دوای دەستپێکردنی شەڕەکەوە لە وڵاتەکەی. ئایەتوڵڵا خامنەئی ڕێبەری باڵای ئێران لە ساڵی ڕابردوودا پەیوەندی نێوان تاران و دیمەشقی بە "گرنگ بۆ هەردوو وڵات" ناودێر کرد و گوتی پێویستە "تا دەتوانرێت" پتەوتر بکرێت. تاران لە ماوەی 12 ساڵی شەڕی ناوخۆی سوریادا پاڵپشتی دارایی و سەربازیی ڕژێمی ئەسەدی کردووە. ئێران دەڵێت لەسەر بانگهێشتی دیمەشق هێزەکانی لە سوریا جێگیر کردوون، بەڵام تەنها وەک ڕاوێژکار. حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند، سەفەری پلان بۆ داڕێژراوی سەرۆکایەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئاماژەیەکە بۆ هاوکاریی "فرە ڕەهەندی" نێوان دوو وڵات. ئاماژەی بەوەشکرد، وڵاتەکەی "ڕاوێژکاری سەربازی"ی ناردووە بۆ یارمەتیدانی هێزەکانی ئەسەد. سەردانەکەی ڕەئیسی بۆ سوریا لە کاتێکدا دەبێت وەزارەتی دەرەوەی ئوردن لە عەممان ڕایگەیاند، ڕۆژی دووشەممە ئوردن میوانداری وەزیرانی دەرەوەی میسر، عێراق، سعودیە و سوریا دەکات بۆ دانوستان لەسەر شەڕی سوریا و کۆتاییهێنان بە گۆشەگیریی دیپلۆماسی دیمەشق لە ناوچەکەدا. ئەسەد دەخوازێت ئاساییکردنەوەی تەواوی پەیوەندییەکانی لەگەڵ دەوڵەتە دەوڵەمەندەکانی کەنداو و وڵاتانی دیکەی عەرەبی یارمەتیدەربێت بۆ دابینکردنی دارایی بۆ ئاوەدانکردنەوەی ژێرخانی ئەو وڵاتە کە بەهۆی شەڕەوە وێران بووە.