ئوردن میوانداری گفتوگۆکان دەکات لەسەر گەڕانەوەی سوریا بۆ کۆمکاری عەرەب

دوایین نوێکردنەوە 2023-05-01 00:00:00 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

بەرپرسان دەڵێن ڕۆژی دووشەممە ئوردن میوانداری گفتوگۆکانی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەبی و وەزیری دەرەوەی سوریا دەکات بۆ تاوتوێکردنی گەڕانەوەی سوریا بۆ کۆمکاری عەرەب، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵێکی سیاسیی فراوانتردا بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ سوریادا، کە بەهۆی جەنگەکەی ناو سوریاوە زۆربەی وڵاتانی عەرەبی پەراوێزییان خستووە. بەرپرسانی حکومەتی ئوردن وتیان کۆبوونەوەکە هەریەک لە وەزیرانی دەرەوەی سوریا فەیسەڵ میقداد و هاوتا عێراقی و میسڕی و سعودییەکەی ئامادەی دەبن، لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی پلانێکی ئوردن دەکرێت بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی سیاسیی بۆ ململانێکە. کۆبوونەوەکە دوو هەفتە دوای ئەوە دێت سعودیە و وڵاتانی ئەنجومەنی هاریکاری عەرەب و میسڕ و ئوردن و عێراقیش لە جەددە کۆبوونەوە و شکستییان هێنا لە گەیشتن بە ڕێککەوتنێک لەسەر ئەگەری گەڕانەوەی سوریا بۆ جیهانی عەرەبی. لە ساڵی 2011 دا دوای ئەوەی حکومەتەکەی سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد دەستیکرد بە هەڵمەتی سەرکوتکردنی خۆپیشاندەرانی وڵاتەکە، زۆرێک لە وڵاتانی ئەندام لە کۆمکاری عەرەبی پشتگیرییان لە هەڵوەشاندنەوەی ئەندامێتی سوریا کرد لە کۆمکاری عەرەبدا، دواتر خۆپیشاندانەکان و سەرکوتکارییەکانی حکومەت بوونە هۆی هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆی سوریا. وڵاتانی عەرەبی و ئەوانەشی کە ململانێکەی ناو سوریا کاریگەریی هەبووە لەسەرییان، هەوڵ دەدەن بگەن بە کۆدەنگییەک سەبارەت بەوەی ئایا بەشار ئەسەدی سەرۆکی سوریا بانگهێشت بکەن بۆ کۆبوونەوەکەی 19ی مانگی پێنجی کۆمکاری عەرەبی یاخود نا، بڕیارە کۆبوونەوەکە لە 19 ی مانگی پێنجدا بەڕێوەبچێت و تیایدا تاوتوێی هەنگاوی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان دەکرێت لەگەڵ حکومەتی سوریادا، هەروەها باس لەوەش دەکرێت پێویستە چی مەرجێک دابندرێت بۆ ڕێگەدان بە گەڕانەوەی سوریا. بەرپرسان دەڵێن دەستپێشخەرییەکەی ئوردن داوا لە دیمەشق دەکات پەیوەندی بکات بە حکومەتەکانی وڵاتانی عەرەبییەوە، ئەوەش بەمەبەستی دیاریکردنی هەنگاوەکان بۆ کۆتایی هێنان بە ململانێکەی ناو سوریا. بابەتەکانی گفتوگۆکان بریتی دەبن لە مامەڵەکردن لەگەڵ پرسی پەنابەران و چارەنووسی ئەو هەزاران بێسەروشوێنەی کە دەستبەسەرکراون، هەروەها باس لە قاچاغچێتی دەرمان دەکرێت لە نێوان سوریا و وڵاتانی کەنداودا و بوونی میلیشیاکانی ئێران لە سوریادا. سعودیەی زلهێزی ناوچەکە هێشتا خۆی بە دوورگرتووە لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ سوریادا، بەڵام دوای دامەزراندنەوەی پەیوەندییە دیبلۆماتییەکان لەگەڵ ئێراندا وتی پێویستمان بە هەوڵێکی نوێیە لەگەڵ دیمەشقدا. سەرچاوە/ ڕۆیتەرز