سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی و وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا، گیدۆ کرۆسێتۆ چۆنێتی پتەوترکردنی ھاریکارییە ھاوبەشەکانی نێوان بەغدا و رۆما-یان تاوتوێ کرد.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە محەمەد شیاع سوودانی پێشوازیی کردووە لە وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا، گیدۆ کرۆسێتۆ و شاندی یاوەری.
راشیگەیاندووە کە لە دیدارەکەدا، پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان عێراق و ئیتاڵیا خراوەتە بەرباس، ھەروەھا چۆنیەتی پتەوترکردنی ھاوکاری ھاوبەشەکانی نێوان هەردوو وڵات لەسەرجەم بوارەکاندا، بە تایبەتی لەبواری ئەمنییدا تاوتوێ کراوە.
سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی، رۆڵی ئیتاڵیای لەچوارچێوەی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژبە داعش لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و کۆتایی ھێنان بە تیرۆریستانی داعش بەرز نرخاندووە، ھەروەھا رۆڵی ئیتاڵیای لەچوارچێوەی نێردەی ناتۆ بۆ مەشق و راھێنان بە ھێزە ئەمنییەکانی عێراق، بەگرنگ زانیوە.
محەمەد شیاع سوودانی راشیگەیاندووە کە عێراق و ئیتاڵیا دەرفەتێکی گەورەیان لە بەردەم دایە، بۆ ئەوەی لە چەندین بواردا هاریکاری یەکتر بکەن و جەختی کردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە عێراق دەیەوێت لە بواری تەندروستیی، فێرکردن، پیشەسازیی و ئاودا، سوود لە شارەزایی کۆمپانیا ئیتاڵییەکان وەربگرێت و بۆ ئەو مەبەستەیش شاندێکی باڵای عێراقی سەردانی ئیتاڵیا دەکات.
لای خۆیەوە وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا، گیدۆ کرۆسێتۆ خواستی وڵاتەکەی بۆ پتەوترکرنی ھاریکارییە ھاوبەشەکان لەگەڵ عێراق نیشان دا و رایگەیاند کە ھاریکارییەکانیان لەگەڵ عێراق لەبواری مەشق و راھێنان بە ھێزە ئەمنییەکانی عێراق بەردەوام دەبێت.