دجیتال میدیای سپێده
ئاگربەست لەنێوان ئیسرائیل ولایەنەكانی كەرتی غەززەی گەمارۆدراو راگەیەندراوەو بەیانی ئەمڕۆ، ئارامی باڵی بەسەر ناوچەكەدا كێشاوە.
لەراگەیەندراوێكدا سوپای ئیسرائیلی داگیركار ئاماژەی بەوەكردوە: هێرشكردنە سەر كەرتی غەززەو ئاراستەكردنی مووشەك لە كەرتی غەززەوە بۆ سەر ناوچەكانی ئیسرائیل، بەیانی ئەمڕۆ وەستاوە.
لایەنە فەڵەستینییەكانیش ئاماژەیان بەوە داوە:بە نێوەندگیری زۆرێك لەلایەنەكان، بڕیار دراوە لەكاتژمێر 3:30 ئەم بەیانیەوە ئاگربەست لەنێوان ئیسرائیل وگرووپە فەڵەستینییەكان رابگەیەندرێت.
شەوی رابردوو سكرتێری گشتی بزووتنەوەی حەماس، ئیسماعیل هەنییە رایگەیاند: بەمەبەستی راگرتنی هێرشەكانی ئیسرائیل پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ بەرپرسە پەیوەندیدارەكانی میسر،قەتەرونەتەوە یەكگرتووەكان ئەنجامداوە.
دوای ئەوەی بەیانی دوێنێ، فەڵەستنییەكی دەستبەسەركراو بەناوی خدر عەدنان كەماوەی 87 رۆژ بوو لەگرتووخانەیەكی ئیسرائیل مانی لەخواردن گرتبوو گیانی لەدەستداوە، لەكەرتی غەزەوە زیاتر لە 30 مووشەك ئاراستەی ئیسرائیل كران وبەم هۆیەوە 30 كەس برینداربوون.
لەبەرامبەردا ئیسرائیلیش بەفڕۆكەی جەنگی كەرتی غەززەی بۆردومان كرد.