وەزارەتی نەوتی عێراق پێشبینی دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان دەكات لەماوەی دوو هەفتەی داهاتوو دا.
حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندوە: لە 25ی ئادارەوە نەوتی هەرێمی كوردستان لەلایەن حكومەتی ناوەندی وتوركیاوە بۆ ماوەی 40 رۆژە راگیراوە، و زیاتر لە ملیارێك دۆلاریش قازانجمان لەدەست رۆیشتووە.
لە 4ی نیسانەوە حكومەتی هەرێم وحكومەتی ناوەندی رێككەوتنیان كردوە لەبارەی دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم، بەڵام بەهۆی داواكارییەكانی توركیاوە تا ئێستا هەناردەكردنی نەوتەكە دەستی پێنەكردۆتەوە.
وەزیری نەوتی عێراق ئاشكرایكرد: تا ئێستاش نەگەیشتوونەتە رێككەوتنی كۆتایی لەگەڵ حكومەتی هەرێم، تەنها ئەوە نەبێت هەرێم رازیبووە لەرێگەی كۆمپانیایی سۆمۆ نەوتی هەرێم هەناردەی دەرەوە بكرێت وتا ئێستا هیچ حیسابێكی بانكیشیان لەو بارەیەوە نەكراوەتەوە.
ئاماژەی بەوەشكردوە: رێكنەكەوتنی نێوان هەرێم وبەغدا ئەوەندەی سیاسیە، هونەری نیە.