سوودانی و حەلبووسی بەجیا لەگەڵ نوری مالیكی كۆبوونەوە

دوایین نوێکردنەوە 2023-05-04 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

سەرۆكوەزیرانی عێراق، وسەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بەجیا لەگەڵ سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا كۆبوونەوە.

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆكوەزیرانی عێراق بڵاوكردەوە: لەمیانی كۆبووەنەوەیەكدا لەگەڵ نوری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا كۆبوونەتەوە ودوا پێشهاتە سیاسییەكان وكاری بەردەوامی حكوومەت بۆ جێبەجێكردنی خاڵە سەرەكییەكانی كارنامەی حكوومەت وهەنگاوەكانی جێبەجێكردنیان تاوتوێكران، هەروەها هەردوولا جەختیان لەپەلەكردن لەپەسەندكردنی یاسای بوودجەی گشتی كردەوە تاوەكو حكوومەتی بتوانێت پلانەكانی گەشەپێدان وخزمەتگوزاری كە لەبەرژەوەندی هاووڵاتییاندا بێت، جێبەجێ بكات.

هەر لەمیانی كۆبوونەوەكەدا محمد شیاع سودانی سەرۆكوەزیرانی عێراق جەختی لەگرنگی یەكخستنی هەوڵەكانی سەرجەم هێزە سیاسییەكان لەپێناو پاڵپشتیكردنی حكوومەت لەجێبەجێكردنی كارەكانی كە بەئامانجی دەستەبەركردنی خزمەتگوزارییە سەرەكییەكان وبەرزكردنەوەی ئاستی بژێوی هاوڵاتیانە.

هاوكات نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەراگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوە كردووە: لەمیانی دیداری نێوان محەمەد حەلبوسی ونوری مالیكی تاوتوێی دواپێشهاتە سیاسی وئەمنییەكانی وڵات وبابەتەكانی پەیوەست بەهەڵبژاردنە خۆجێیەكان كراوە.
هەر لەدیدارەكە جەخت لەپتەوكردنی رۆڵی چاودێری ودەركردنی ئەو یاسایانەی پەیوەستن بە بەرژەوەندی هاووڵاتییانەوە بەتایبەتی یاسای بوودجەی گشتی فیدراڵی لەپێناو دەستەبەركردنی داواكارییەكانی گەلی عێراق، داواش لەحكومەت كراوە كەشێكی گونجاو برەخسێنێت بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنە خۆجێیەكان لەوادەی دیاریكراوی خۆیدا.