سەرۆكی هەواڵگری هاوپەیمانێتی ناتۆ هۆشداریدا و وتی ڕووسیا ڕەنگە كێبڵەكانی ژێر دەریا تێكبدات بۆ سزادانی وڵاتانی ڕۆژئاوا بەهۆی پشتیوانییەكانیان بۆ ئۆكرانیا، ئەمەش لە كاتێكدایە هاوپەیمانێتییەكە دوابەدوای هێرشەكەی سەر نۆرد ستریم هەوڵەكانی زیاد كردووە بۆ پاراستنی ژێرخانەكانی ژێر دەریا.
بەگوێرەی ناتۆ، كێبڵەكانی ژێر دەریا نزیكەی لە سەدا 95 ی ئینتەرنێتی سەرانسەری جیهان دەگوازنەوە، ئەوەش بە خێرایی نزیكەی 200 تێرابایت لە چركەیەكدا، كە 200 كێبڵ لەم 400 كێبڵانە بە هەستیار ناوبراون.
دەیڤد كاتڵەر یاریدەدەری سكرتێری گشتی هاوپەیمانێتی ناتۆ بۆ هەواڵگری و ئاسایشی هاوپەیمانێتییەكە بە ڕۆژنامەنووسانی وت :" هەموو كێبڵەكان پێكەوە، ڕۆژانە نزیكەی 10 تریلیۆن دۆلاری ئەمەریكی بەهای حەواڵە ئابوورییەكان هەڵدەگرن، لەبەر ئەوە ئەم كێبڵانە بە ڕاستی بزماری گەورەی ئابوورین."
كاتڵەر وتیشی: " نیگەرانییەكی زۆر هەن لەسەر ئەوەی ڕەنگە ڕووسیا كێبڵەكانی ژێر دەریا و ژێرخانە هەستیارەكانی دیكە بكاتە ئامانج بۆ تێكدانی ژیانی ڕۆژئاوا، هەروەها بۆ دەستكەوتنی كاریگەریی لە دژی ئەو وڵاتانەی كە ئاسایش بۆ ئۆكرانیا دابین دەكەن."
وتیشی:" ڕووسییەكان لەم بابەتەدا چالاكترن لەوەی كە لە ساڵانی ڕابردوودا بینیومانن." وتیشی ناتۆ ئەركە ئێشكگرییەكانی لە سەرانسەری دەریای ئەتڵەسیدا لە ساڵانی ڕابردوو زیاتر كردووە و چالاكییەكانیان لە دەریاكانی باكوور و باڵتیكدا چڕتر كردۆتەوە.
هەروەها هۆشداریدا لەسەر ئەوەی نەیارانی ناتۆ دركییان بەو سوودە ستراتیژییە گەورەیە كردووە كە بتوانن هەڕەشە لەسەر ئاسایشی سیستمەكانی ئینتەرنێت و وزە و دارایی ڕۆژئاوا دروست بكەن.