ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق خوێندنەوەی دووەمی بۆ پڕۆژەیاسای بە پارێزگابوونی ھەڵەبجە کرد

دوایین نوێکردنەوە 2023-05-04 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دانیشتنی ئاسایی خۆی ئەنجام دەدات و لە میانیدا خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای بە پارێزگابوونی ھەڵەبجە کرد.

فەرمانگەی راگەیاندن لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە ئەمڕۆ دانیشتنی ئاسایی ئەنجوومەنی نوێنەران ئەنجامدراو کە لە میانیدا، خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەیاسای بە پارێزگابوونی ھەڵەبجە کراوە.

رۆژی سێی مانگی نیسانی 2023، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی ھەڵەبجە کرد.

رۆژی 13ی ئاداری 2023، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رێکارە فیدراڵییەکانی بەپارێزگابوونی ھەڵەبجەی پەسەند کرد و دواتر رەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی کرد بۆ ئەوەی پەسەند بکرێت.

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەیش خراوەتەڕوو کە لە میانی دانیشتنەکەی ئەمڕۆدا، خوێندنەوەی یەکەم بۆ پرۆژەیاسای ئەندامبوونی عێراق لە سیستەمی سیاسیی رێکخراوی گەشەپێدانی ئافرەتان لە وڵاتانی ئەندام لە رێکخراوی ھاریکاری ئیسلامیی کراوە.

لە میانی دانیشتنەکەی ئەمڕۆدا، خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای ئەندامبوونی عێراق لە دامەزراندنی بانکی ئەورووپا بۆ ئاوەدانکردنەوە، ھەروەھا بۆ پرۆژەیاسایەکی تایبەت بە کۆچپێکراون کراوە.