دیجیتاڵ میدیای سپێده
یەکێتی ئەورووپا، بەگوژمەی یەک ملیار یۆرۆ دابینکردنی پشتیوانی چەکی بۆ ئۆکراینا پەسەند کرد.
بەگوێرەی راگەیاندراوێکی ئەنجوومەنی یەکێتی ئەورووپا، لە چوارچێوەی "سندوقی ئاشتی ئەورووپا"دا دابینکردنی چەک بۆ ئۆکراینا بە گوژمەی یەک ملیار یۆرۆ، پەسەند کراوە.
بەمشێوەیەش وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەورووپا بەهەماهەنگی، گوللەتۆپ و موشەک بۆ سوپای ئۆکراینا دابیندەکەن ،ئەم چەکانە لە رێی ئەو چالاکییە ئابوورییانەوە دابیندەکرێن کە لە یەکێتی ئەورووپا و نەرویج ئەنجامدەدرێن، پشتیوانی لەوەش دەکرێت کە ئەو چەکانە هەر لە یەکێتییەکە و نەرویج بەرهەم بهێندرێن.
ئاماژە بەوەشكراوە كە لە رێی ئەم چەکانەشەوە گوژمەی ئەو هاوکارییانەی یەکێتی ئەورووپا لە چوارچێوەی سندوقی ئاشتی ئەورووپا پێشکەشی ئۆکراینای کردووە دەگاتە ٥،٦ ملیار یۆرۆ.
ئەوەش هاتووە :ئەو بڕیارەی کە لە ٣٠ی ئاداردا پەسەند کرا، لە سێ قۆناغ پێکدێت، قۆناغی یەکەم لە ١٣ی نیساندا تۆمار کراوە کە یەک ملیار یۆرۆ دابین دەکرێت بۆ ئەو چەکانەی ئەنجوومەنی یەکێتی ئەورووپا و وڵاتانی ئەندامی یەکێتییەکە لە نۆی شوبات تا ٣١ی ئادار، عەمباریان کردووە یاخود لەسەر خواست پێشکەشی ئۆکراینایان کردووە.
لە قۆناغی دووەمی بڕیارەکەشدا کۆمیسیۆنی یەکێتی ئەورووپا لە سێی ئایاردا پڕۆژەیاسای پشتیوانیکردن لە بەرهەمهێنانی چەکی پێشکەش کردبوو، لەم چوارچێوەیەشدا ٥٠٠ ملیۆن یۆرۆ لە بوودجەی یەکێتی ئەورووپا، وەک سەرچاوەی دارایی تەرخان دەکرێت.
قۆناغی سێیەمی بڕیارەکەش بریتییە لەو رێککەوتنەی لە ٢٠ی ئاداردا وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەورووپا پێیگەیشتن و بڕیاریاندا تا کۆتایی ئەمساڵ پڕۆسەی رادەستکردنی یەک ملیۆن گوللە تۆپ بە ئۆکراینا خێراتر بکرێت.