کۆمکاری عەرەبی ڕۆژی یەکشەممە پێشوازی گەڕانەوەی حکومەتی سوریای بۆ ناو کۆمارەکە کرد و کۆتایی بە ڕاگرتنی زیاتر لە دە ساڵی ئەندامێتی هێنا. لە مانگی 11 ی ساڵی 2011 ئەو ڕێکخراوە 22 ئەندامییە، ئەندامێتی دیمەشقی ڕاگرت بەهۆی سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییە ئاشتیخوازانەی کە سەرەتای ئەو ساڵە دەستیپێکرد و بووە هۆی شەڕی ناوخۆی وڵاتەکە و هەتا ئێستا زیاتر لە 500 هەزار کەسی تیادا کوژراوە و ملیۆنان کەسیش ئاوارە بوون و ژێرخانی وڵات و پیشەسازی تێکشاندووە. لە ئێستادا بەشێکی زۆری باکووری وڵاتەکە لە دەرەوەی کۆنترۆڵی حکومەتدا ماونەتەوە و تا ئێستاش هیچ چارەسەرێکی سیاسی بۆ ململانێی 12 ساڵەی ئەو وڵاتە نەدۆزراوەتەوە. بەپێی بڕیارێک بە کۆی دەنگی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە کۆمکاری عەرەب، "شاندە حکومییەکانی سووریا لە ڕۆژی یەکشەممەوە دەست بە بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکانی کۆمکاری عەرەبی دەکەنەوە." ئەسەد لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕەکەوە لە ڕووی سیاسییەوە گۆشەگیر کرابوو، بەڵام لە چەند هەفتەی ڕابردوودا چالاکیی دیپلۆماسی دەستپێکردووەتەوە بەر لە لوتکەی کۆمکاری عەرەب کە بڕیارە 19 ی مانگی پێنج لە جەدەی عەرەبستانی سعودیە دەستپێبکاتەوە. وەزیرەکان لە بەیاننامەیەکدا جەختیان لە "پەرۆشی خۆیان بۆ دەستپێکردنی ڕۆڵی پێشەنگی عەرەبی لە هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی" قەیرانی سوریا و "دەرئەنجامە مرۆیی و ئەمنی و سیاسییەکانی" کردووەتەوە، ئاماژەیان بەوە کردووە کە دەبێت هاوکارییە مرۆییەکان بگاتە "هەموو ئەوانەی پێویستیان پێیەتی". هەروەها ڕێککەوتن لەسەر پێکهێنانی لیژنەیەکی ئاستی وەزیرەکان بۆ درێژەدان بە "دیالۆگی ڕاستەوخۆ لەگەڵ حکومەتی سوریا بەمەبەستی گەیشتن بە چارەسەرێکی هەمەلایەنە". چەند وڵاتێکی عەرەبی لە سەرەتای ململانێکان پەیوەندییەکانیان لەگەڵ دیمەشق پچڕاند داوای کۆتایی هێنانیان بە دەسەڵاتی ئەسەد دەکرد، هاوکات هەندێکیان لەوانە قەتەر و سعودیە پشتیوانیان لە ئۆپۆزسیۆنی سوریا دەکرد. دوایین لوتکەی کۆمکاری عەرەبی کە ئەسەد بەشداریی تیایدا کرد لە ساڵی 2010 بوو، لە بەرامبەردا ئۆپۆزسیۆن لە ساڵی 2013 لە کۆبونەوەی وڵاتانی عەرەب لە دۆحە بەشدارییان کرد، ئەمەش کاردانەوەی توندی دیمەشقی لێکەوتەوە. سەرچاوە: ئاژانسی فرانس پرێس