رووداوێکی هاتوچۆ لە هیندستان گیانلەدەستدانی 23 کەسی لێکەوتەوە

دوایین نوێکردنەوە 2023-05-09 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

لە ئاکامی کەوتنەخوارەوەی پاسێک لە پردێکەوە لە شاری کهارگۆنی لە هیندستان، ٢٣ کەس گیانیان لەدەستدا.

بەپێی هەواڵێکی ANI News، پاسێک لەسەر پردی دۆنگارگاۆن لە نزیک ناوچەی داسانگا لە شاری کهارگۆنی کەوتووەتەخوارەوە.

بەرپرسانی ناوچەکە باس لەوە دەکەن کە لە ئەنجامی ئەو رووداوەدا ٢٣ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٢٥ کەسی دیکەش برینداربوون، کە برینی ١١یان سەختە.

لە کاتێکدا هۆکاری رووداوەکە نازانرێت، باس لەوە دەکرێت کە شۆفێری پاسەکە لە پاش وەرگرتنی ئیفادەی یەکەم گوتەکانی گۆڕیوە.

حکوومەتی ویلایەتەکە بڵاویکردەوە کە بڕی ٤٠٠ هەزار روبڵی هیندی دەداتە خانەوادەی ئەو کەسانەی لە رووداوەکەدا گیانیان لەدەستداوە، ٥٠ هەزار بەو کەسانەی بە سەختی برینداربوون و ٢٥ هەزاریش بەوانەی بە سووکی برینداربوون.

سەرۆکوەزیرانی هیندستان، ناریندرا مۆدی نیگەرانیی خۆی سەبارەت بە رووداوەکە نیشاندا و ئاماژەی بەوە کرد کە سندوقی هاوکاری نیشتمانیی، ٢٠٠ هەزار روبڵ هاوکاری دارایی دەداتە خانەوادەی ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە و ٥٠ هەزار روبلیش بە بریندارانی رووداوەکە.