بزووتنەوەی حەماس رایگەیاند، ئەو مووشەکانەی کە لە کەرتی غەززەوە ئاراستەی جوولەکەنشینەکانی دەورووبەری کەرتی غەززە کراون، بەشێکە لە وەڵامدانەوەی یەکگرتوویی گرووپە فەڵەستینییەکان بۆ ئەو ھێرشانەی کە سوپای ئیسرائیل لە دوێنێ سیشەممەوە بۆسەر کەرتی غەززە ئەنجامی دەدات.
گوتەبێژی بزووتنەوەی حەماس، عەبدولـلەتیف قانوع لە راگەیەندراوێکدا، ئاماژەی بەوەداوە کە ھێرشی یەکگرتوویی گرووپە فەڵەستیییەکان، بەشێکە لە وەڵامدانەوەی ئەو کۆمەڵکوژییەی کە ئیسرائیل لە کەرتی غەززە ئەنجامی داوە، ئەوەیش لەچوارچێوەی بەرگرییکردن لە گەڵی فەڵەستین.
راشیگەیاندووە "وەڵامدانەوەی ھێرشەکانی دوژمن، لەلایەن گرووپە فەڵەستینییەکانەوە، بەردەوامە و لە مەیدانەکەدا بەیەکگرتوویی و بەھێزەوە ئامادەن بۆ بەرپەرچدانەوەی داگیرکەر و رێگای پێ نادرێت ئەجێنداکانی تێپەڕێنێت یان قەیرانەکانی ھەناردە بکات".
لە راگەیەندراوەکەدا، ئیسرائیل بە ھۆکاری فراوانکردنی دەستدرێژییەکانی دژبە گەلی فەڵەستین تۆمەتبار کراوە و هاتووە "ئیسرائیل بەردەوام باجی گەمژەیی و دەستدرێژییە بەردەوامەکانی لە ناوچەکە دەدات و سوپاکەشی بەرەو دۆزەخ دەبات".
ئەمڕۆ چوارشەممە، گرووپە چەکدارە فەڵەستینییەکان لە کەرتی غەززەوە ژمارەیەک مووشەکیان ئاراستەی جوولەکەنیشینەکان لە دورووبەری کەرتی غەززە و شاری عەسقلان باشووری ئیسرائیل کرد.
لەوبارەیەوە رۆژنامەی یەدیعۆت ئەحرەنۆت بڵاوی کردووەتەوە کە لە میانی پێنج خولەکدا، ٢٠ مووشەک لە غەززەوە ئاراستەی باشووری ئیسرائیل کراون.
ئەمەیش دوای ئەوە دێت دوێنێ سێشەممە، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل زنجیرەیەک ھێرشیان کردە سەر کەرتی غەززە و لە ئاکامدا، ١٥ فەڵەستین کوژران لەنێویاندا، سێ سەرکردەی بزووتنەوەی جیھادی ئیسلامی، چوار منداڵ و چوار ئافرەت.