لە ئەنجامی رووداوێكی هاتووچۆدا لە موسڵ هەشت كەس گیانیان لەدەستدا، كە ژن و منداڵیشان لەناودا هەیە.
سەعد خیتابی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەرگریی شارستانیی موسڵ ئاشكرای كردوە: لە ئەنجامی پێكدادانی نێوان دوو ئۆتۆمبێل كە یەكێكیان تایبەت و ئەوی دیكەیان تاكسی بووە، هەشت كەس گیانیان لەدەستداوە كە دوانیان منداڵی یەك خێزانن، دوو كەسی دیكەشیان برا بوون لەگەڵ ئامۆزایەكیاندا گیانیان لەدەستداوە، گوتیشی: "یەك منداڵ لە سەرنشینانی دوو ئۆتۆمبێلەكە رزگاری بووە، كە بریندارە و ڕەوانەی نەخۆشخانە كراوە، بەڵام بارودۆخی تەندروستی ناجێگیرە.
هاوكات بەپێی راگەیەندراوێكی بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانی عێراق, رووداوەكە لە ناوچەی حەمام عەلیل لە شاری موسڵی ناوەندی پارێزگاكە روویداوە و بە كۆسەرە پارچەی ئۆتۆمبێلەكان بڕدراونەتەوە تاوەكو تەرمی ئەو كەسانە دەربهێنن كە بەهۆی رووداوەكە گیانیان لەدەستداوە.
بەگوێرەی ئامارێكی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، ساڵی ڕابردوو زیاتر لە 11 هەزار رووداوی هاتووچۆ لە عێراق روویانداوە و بەهۆیەوە سێ هەزار و 21 كەس گیانیان لەدەستداوە.