دادگای دەستووریی پاکستان بڕیاری دا عیمران خان ئازاد بکرێت

دوایین نوێکردنەوە 2023-05-11 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دادگای دەستووریی پاکستان، دەستبەسەرکردنی سەرۆکوەزیرانی پێشوو، عیمران خان-ی بە "نایاسایی" دانا و فەرمانی کرد دەستبەجێ ئازاد بکرێت.

تەلەڤیزیۆنی جیۆ نیوز بڵاوی کردەوە، دادگای دەستووریی هەڵسەنگاندنی بۆ داواکاری پارتی بزووتنەوەی دادوەریی پاکستان سەبارەت بە دەستبەسەرکردنی عیمران خان ئەنجامداوە.

دادگا بڕیاری داوە کە دەستبەسەرکردنی عیمران خان "نایاساییە" و دەبێت دەستبەجێ ئازاد بکرێت.

حکوومەتی عیمران خان لە ئەنجامی ئەو متمانە بەخشینەی کە لە ١٠ی نیسان لە پەرلەمانی پاکستان بەڕێوەچوو، بە ١٧٤ دەنگی "نەخێر" متمانەی لەدەستدابوو.

شاهباز شەریف-ی برای نەواز شەریف کە بۆ سێ خول سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکەبوو لە ١١ی نیسانی ٢٠٢٢ لە ئەنجامی دەنگدانێکدا لە پەرلەمان بە کۆکردنەوەی ١٧٤ دەنگ وەکو سەرۆکوەزیرانی هەڵبژێردرا.

عیمران خان بەهۆی ئەوەی حکوومەتی هاوپەیمانی هەڵبژاردنی پێشوەختی رانەگەیاندووە، رۆژی ٢٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ رێپیوانی لە شاری لاهۆرەوە بۆ شاری ئیسلام ئاباد دەست پێ کرد بوو.

رۆژی سێی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ لە ئەنجامی تەقەکردن لە کاروانی عیمران خان لە ناوچەی وەزیرئاباد هەردوو رانی برینداربوو و پەلامارەکە کوژرانی کەسێک و برینداربوونی ١٣ی دیکەی لێکەوتەوە.

سوپای پاکستان لە هەشتی ئایار بانگەشەکانی عیمران خانی بەوەی بەرپرسێکی باڵای هەواڵگریی لە پشت هەوڵی تیرۆرکردنییەویەتی بە "نا بەرپرسیارانە و بێ بنەما" وەسف کرد.

عیمران خان نۆی ئایار بەبڕیارێکی نووسینگەی نیشتمانیی بەرپرسیارێتی دارایی (NAB) دەستبەسەرکرابوو.

ئەو پێشهاتە دوای ئەوە هات کە عیمران خان بەرپرسێکی باڵای هەواڵگریی بە بەرپرس لە تیرۆرکردنی خۆی تۆمەتبار کرد.