دیجیتاڵ میدیای سپێده
وەزارەتی نەوتی عێراق وادەی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی ئاشكراكرد و دەڵێت: رۆژی شەممە هەناردەی نەوت دەستپێدەكاتەوە.
لە راگەیەندراوێكدا وەزارەتی نەوت ئاماژەی بەوەكردوە، كۆمپانیای بۆتاشی توركی بە فەرمی ئاگاداری كردونەتەوە كە دەتوانن لە رۆژی شەممەی داهاتو دەست بە هەناردەی نەوت بكەنەوە.
ئەوە لەكاتێكدایە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و تێیدا هاتوە، دوای ڕێكەوتنی نێوان هەردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی عێراق لەبارەی دۆسیەی نەوتی هەرێمی كوردستان، ڕێوشوێنەكانی دووبارە دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت تەواو بووە.
لە درێژەی ڕاگەیەندراوەكەدا، سامانە سروشتییەكان دەڵێت: كۆمپانیای سۆمۆ لە رۆژی (10)ی ئایار بە فەرمی داوای لە لایەنی توركی كردووە پرۆسەی هەناردەكردنی نەوت لە ڕێگەی بۆری كەركوك- جەیهان دەست پێ بكرێتەوە.
لە كۆتایی مانگی ئازاری ئەمساڵدا، دوای ئەوەی ژوری نێوبژیوانی بازرگانی سەر بە دادگای پاریس هەناردەی نەوتی لەڕێگەی توركیاوە بە نایاسایی ناوبرد، توركیا هەناردەی نەوتی هەرێمی ڕاگرت و لەو كاتەوە تا ئێستا دەست بە هەناردەی نەوت نەكراوەتەوە.