ئەمینداری گشتی یەكگرتوو: پێویستە ڕوبەڕوی ئەو تەحەدیاتانە ببینەوە كەبەرانبەر گەنجان هاتۆتە ئاراوە

دوایین نوێکردنەوە 2023-05-12 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

ئەمینداری گشتی یەكگرتوو ڕایگەیاند: گۆڕانكاریەكانی ناوچەكە دەبێت بەپلان و بەرنامەڕێژی ڕوبەڕویان ببینەوە و كاری لەپێشینەمان بۆ لاوان و گەنجان و خێزان بێت.

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هەینی 12/5/2023، بەڕێز مامۆستا سەلاحەدین محمد بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان بەیاوەری شاندێك سەردانی قەزای چەمچەماڵی كردو لەدیدارێكدا لەگەڵ سكرتاریەتی گەشەپێدانی قوتابیانی كوردستان ڕایگەیاند: گۆڕانكاریەكانی ناوچەكەو تەحەدیەكانی بەردەم چاكسازی و ئەو پیلانگێڕیانەی كە هەیە لەسەر لاوان و خێزان، دەبێت بەپلان و بەرنامەڕێژی ڕوبەڕویان ببینەوەو كاری لەپێشینەمان بۆ لاوان و گەنجان و خێزان بێت.

هەروەها مامۆستا سەلاحەدین محمد بەهائەدین وتیشی: ئەركی ئەم قۆناغەی ڕێكخراوی گەشەپێدان، ئەركێكی سەنگینەو دەخوازێ خۆتان بۆ گۆڕانكارییەكان ئامادە بكەن و خۆتان زیاتر ڕۆشنبیر بكەن بۆ هەڵگرتنی بەرپرسیاریەتی قۆناغەكە، قوتابیان و لاوانی ئەم هەرێمە پێویستیان بەپەیامە پەروەردەییەكانی ڕێكخراوی گەشەپێدانەو دەبێ بەئیرادەی بەهێزتان نائومێدی بڕەوێننەوە كە دەسەڵاتداران توشی گەنج و لاوی ئەم هەرێمەیان كردووە.

لەكۆتای دیدارەكەدا، ئەمینداری گشتی یەكگرتوو ڕایگەیاند: گەشەپێدان و پاراستنی كەسایەتی لاو لە ئەركە هەنوكەییەكانی ڕێكخراوی گەشەپێدانەو گەندەڵی و نائومێدكردن لەم هەرێمە كەدەسەڵات دروستی كردووە پێویستی بەئیرادەی بەهێزی چاكسازیە كە ئێوەی ئەندامانی گەشەپێدان دەبێ بەئیرادەی پەیامدارانەوە ڕوبەڕوی ببنەوەو بەردەوام بوون و پێداچونەوەو بەخۆداچونەوەو خۆهەڵسەنگاندن خزمەت بەكارتان دەكات كە ئێوە توێژی زیندوی ناو كۆمەڵگەن.