لیژنەی دارایی ئاشكرایدەكات، گفتوگۆی بڕگەكانی بودجەی گشتی عێراق لە قۆناغی كۆتاییدایە، دەشڵێت: داهاتە نانەوتییەكان لەو ئاستەدا نین كە پشتیان پێبەسترێت لە دابینكردنی بودجە.
ئیخلاس دلێمی، جێگری دووەمی لیژنەی دارایی لە لێدوانێكدا رایگەیاند، بە میوانداریكردنی وەزارەت و دامەزراوەكان، گفتوگۆكانی پرۆژەیاسای بودجە گشتی عێراق قۆناغی باشی بڕیوەو، بەرەو كۆتای دەڕووات.
وتیشی، لەم بودجەیەدا پشكی هەرێمی كوردستان و پەرەپێدانی پارێزگاكانیش زیادكراوەو، ئومێدیش دەكەین لە داهاتوویەكی نزیكدا پەسەند بكرێت.
ڕوونیشیكردۆتەوە، هەوڵدەدەن بە زۆرترین داهاتی دەوڵەت و ناهاوسەنگی كورتهێنان چارەسەر بكەن، چونكە دوای گفتوگۆیەكی زۆر لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق گەیشتە ئەو ئەنجامەی، زۆر ئەستەمە بڕی خەرجییەكانی بودجە كەم بكرێتەوە.
ئاماژەی بەوەش كردوە، دەبێت پشتگیری لە رێكخستنی داهاتە نانەوتییەكان بكەن، بۆ ئەوەی هاوتا بێت لەگەڵ داهاتی نەوت،چونكە داهاتە نانەوتییەكان لەو ئاستەدا نین كە پشتیان پێبەسترێت لە دابینكردنی بودجە.