سلێمانی.. تۆمەتبارێك دەستگیركرا كە بەفێڵ زیاتر لە 58 دەفتەر دۆلاری لە هاوڵاتیان سەندبوو

دوایین نوێکردنەوە 2023-05-13 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ڕایدەگەیەنێت: مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی سەیوان تۆمەتبارێكیان دەستگیركرد كە بەفێڵ بڕی 58 دەفتەرو 6500 دۆلاری لە هاوڵاتیان سەندبوو .

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بڵاویكردەوە: دوای ئەوەی هاوڵاتییەك سكاڵای تۆماركرد كە مامەڵەی لەگەڵ كەسێك كردووە بەوەی 4 كیلۆ ئاڵتونی بۆ بهێنێت بەرامبەر بە 32 دەفتەر و 6500 دۆلار بەڵام دوای حەوڵەكردنی پارەكە بۆی كەسەكە هەڵاتووە .

ئەوەشی خستەڕوو: هێزەكانی پۆلیس لێكۆڵینەوەوبەدواداچوونەكانیان دەستپێكرد و دوای گەڕان و بەدواچوونەكان و وەرگرتنی بڕیاری بەڕێز دادوەر توانرا تۆمەتبار لەلایەن بنكەی پۆلیسی سەیوانەوە بدۆزرێتەوەو دەستگیربكرێت .

ئاماژەی بەوەشكرد: لەكاتی لێكۆڵینەوەكانیشدا دەركەتووە كە تۆمەتبار بڕی 58 دەفتەر و 6500دۆلاری بەفێڵ لە هاوڵاتیان وەرگرتووە بە جۆرێك لە دۆسیەیەكدا بڕی32 دەفتەر و 6500 دۆرلاو لە دۆسیەیەكی تردا بڕی 20 دەفتەر دۆلارو لە دۆسیەیەكی تریشدا بڕی 6 دەفتەر دۆلار كە لەڕێگەی حەواڵەكردنەوە پارەكەی لێ‌ سەندون و لە سێ‌ دۆسیەی فێڵكردن داواكراوە ، لەئێستادا تۆمەتبار (ب،ع،ع لەدایكبووی 1996) بەبڕیاری بەڕێز دادوەرو بەپێی ماددەی 456 لەیاسای سزادانی عیراقی ڕاگیراوەو لێكۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە .