نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە حکومەتی سوریا کردووە ڕەزامەندی خۆی بۆ دوو دەروازەی تر درێژبکاتەوە بۆ گەیاندنی هاوکارییەکانی دوای بوومەلەرزە بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆن، بەڵام دوو سەرچاوەی ئاگادار ڕایانگەیاندووە کە ئەگەری درێژکردنەوەی هاوکارییەکان بەدوور دەزانرێت. بەشار ئەسەد، سەرۆکی سوریا ڕەزامەندی نیشاندا لەسەر کردنەوەی دەروازەکانی باب ئەلسەلام و ئەلڕەعی بۆ ماوەی سێ مانگ کە لە 13ی شوباتەوە دەستپێکردووە، ئەوەش دوای هەفتەیەک لە بوومەلەرزەکە کە زیاتر لە 50 هەزار کەسی لە تورکیا و سوریا کوژران. بەشێک لە باکوری ڕۆژئاوا لەلایەن گروپەکانی دژبەری ئەسەدەوە لە شەڕی ناوخۆ کە 12 ساڵە بەردەوامە، کۆنتڕؤڵ دکرێت. ڕۆژێک پێش تەواوبوونی مۆڵەتەکە، وتەبێژی دەزگای یارمەتییە مرۆییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، جێنس لارک ڕؤژی هەینی وتی داوای درێژکردنەوەی ئەو ڕێوشوێنە تایبەتانەی کردووە کە دوای بوومەلەرزەکانی 6ی شوبات گیراونەتەبەر بۆ بەردەوامبوون لە ئاسانکاریکردن لە وەڵامدانەوەی مرۆیی بۆ هەموو ناوچە زیانلێکەوتووەکان. نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئێستاوە ئەرکی ئەنجومەنی ئاسایشی هەیە بۆ بەکارهێنانی دەروازەی سنووری باب ئەلهەوا کە لە ساڵی 2014ەوە بەکاری هێناوە بۆ گەیاندنی هاوکاری بە ملیۆنان کەسی پێویست لە باکووری ڕۆژئاوا بەبێ ئەوەی پێویستی بە ڕەزامەندی حکومەتی سوریا هەبێت. چوار سەرچاوەی ئاگادار ڕاگەیاندووە، بڕیارەکەی ئەسەد لە مانگی شوباتدا دوای هاندانی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی هات. یەکێک لەوانە کە سەرچاوەیەکی سورییە و نزیکە لە کەنداو، ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند کە "ئاماژە هەیە کە ماوەکە درێژنەکرێتەوە". سەرچاوەیەکی مرۆیی لە نیویۆرک کە زانیاری لەسەر دانوستانەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر ئەو بابەتە هەیە وتی پێدەچێت ماوەکە درێژنەکرێتەوە . سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکرد، دابینکەرانی یارمەتییەکان سەرەتا پێیانوابوو ئەسەد ماوەکە نوێ دەکاتەوە بەڵام وەرگرتنەوەی سوریا بۆ کۆمکاری عەرەبی سەرچاوەکانی فشاری لابردووە. گروپە فریاگوزاریەکان نیگەرانن لەوەی کە نزیکەی چوار ملیۆن کەس بێ یارمەتییەکی چارەنووسساز بمێننەوە. تانیا ئیڤانس، بەڕێوەبەری لیژنەی ڕزگارکردنی نێودەوڵەتی بۆ سوریا وتی: زۆر گرنگە دەستڕاگەیشتنە مرۆییەکان بۆ باکووری ڕۆژئاوای سوریا بپارێزرێت. گروپی مافەکانی لێبوردنی نێودەوڵەتی ڕایگەیاندووە، شیکارییەکانی بۆیان دەرکەوتووە کە یارمەتییەکان لە ڕێگەی دەروازەکانەوە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان بە یاسایی دەمێننەوە بەبێ گوێدانە ئەوەی کە بڕیاری درێژکردنەوەکە بدرێت یان نا. سەرچاوە/ ڕۆیتەرز