ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان پرسی ھەناردەکردنەوەی نەوت تاوتوێ دەکات

دوایین نوێکردنەوە 2023-05-14 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپێده‌

ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، بە ئامادەبوونی تیمی وەزاریی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پرسی دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێم تاوتوێ دەکات.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە ئەمڕۆ یەکشەممە، ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی سەرۆکوەزیران، مەسرور بارزانی و جێگری سەرۆکوەزیران، قوباد تاڵەبانی کۆدەبێتەوە.

لە میانی چەند رۆژی رابردوودا، تیمی وەزاریی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بڕیاریاندا بەشداری لە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان بکەن کە ماوەی حەوت مانگ بوو بایکۆتیان کردبوو.

لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ـەوەوە، تیمی یەکێتیی نیشتمانیی بەسەرۆکایەتیی قوباد تاڵەبانی بایکۆتی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانی کردبوو.

بەپێی راگەیەندراوەکە لە کۆبوونەوەکەدا، دوا پێشھاتەکانی دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی رێککەوتنی نێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی دەخرێتەڕوو.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، پرسی رێکخستنەوەی دارایی گشتیی لە ھەرێمی کوردستان باسی لێوە دەکرێت.

ھەروەھا راپۆرتی وەزارەتی ناوخۆ سەبارەت بە ھەڵسەنگاندنی نیشتمانیی لەلایەن حکوومەتی فیدراڵییەوە بۆ مەترسییەکانی شووشتنەوەی مایە و مایەدارکردنی تیرۆر لە عێراق، دەخرێتەڕوو.