پوتین: رووسیا خوازیارە پەرە بدات بە هاوکارییەکانی لەگەڵ وڵاتانی ئیسلامی

دوایین نوێکردنەوە 2023-05-15 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین رایگەیاند کە وڵاتانی ئیسلامی بەخێرایی گەشە دەکەن و سەرکەوتنی گرنگیان لە بوارەکانی بازرگانی و داراییدا بەدەستهێناوە و گوتی: "رووسیا بۆ فراوانترکردنی هاوکارییەکانی لە بوارەکانی بازرگانی و مرۆییدا دەرگای واڵایە بە رووی وڵاتانی ئیسلامیدا. خوازیارین هاوکارییە پیشەسازی و کشتوکاڵییەکانمان بەرەوپێش ببەین و زنجیرەی لۆجستیی نوێ دروست بکەین".

پوتین بە ئاماژەدان بەوەی کە کازان، پایتەختی کۆماری تاتارستان-ی سەربە فیدراسیۆنی رووسیا لە چوارچێوەی ئەو کۆڕبەندەدا میوانداریی زۆرێک لە نوێنەرانی بیانی دەکات، رایگەیاندووە: "رووسیا پارێزگاریی لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی ئیسلامی کردووە".

سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین تیشکی خستووەتەسەر ئەوەی کە ئەم پەیوەندییانە لەسەر بنەمای هاوبەشی و رێزگرتنی لە یەکتر دامەزراوە، هەروەها رایگەیاندووە: "ئێمە پابەندین بە نەزمێکی جیهانیی دادپەروەرتر و فرەجەمسەر کە لەسەر بنەمای یاسا نێودەوڵەتییەکان دامەزراوە. وڵاتانی ئیسلامیی بەخێرایی گەشە دەکەن و سەرکەوتنی گرنگیان لە بوارەکانی بازرگانی و داراییدا بەدەستهێناوە. رووسیا بۆ فراوانترکردنی هاوکارییەکانی لە بوارەکانی بازرگانی و مرۆییدا دەرگای واڵایە بە رووی وڵاتانی ئیسلامی. خوازیارین هاوکارییە پیشەسازی و کشتوکاڵییەکانمان بەرەوپێش ببەین و زنجیرەی لۆجستیی نوێ دروست بکەین".

پوتین بە ئاماژەدان بەوەی کە موسڵمانانی رووسیاش بەشدارییەکی بەرچاویان لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا کردووە، گوتی: "ئەم کۆڕبەندە بەڵگەیە بۆ ئەمە. چالاکییەکانی گرووپی دیدگای ستراتیجیی رووسیا-جیهانی ئیسلامی و کۆڕبەندی کازان کارلێکی نێوان رووسیا و وڵاتانی ئیسلامی بەهێزتر دەکەن و دڵنیام کە دەرفەتی نوێ بۆ پڕۆژەی هاوبەش لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دەڕەخسێنن".

بڕیارە کۆڕبەندی کازان لە ١٨-٢٠ی ئەم مانگە بەڕێوەبچێت.