وەزیری تەندروستی: داوا لە هاووڵاتیان دەكەین باوەڕ بەو هەواڵانە نەكەن

دوا نوێکردنەوە: 2020-04-05 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هەولێر-KDP.info- وەزیری تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، ئەو دەنگۆیانەی لە سۆشیال میدیا بۆ ترساندنی خەڵك بڵاو دەكرێنەوە، دوورن لە راستییەوە و ئەگەر خەڵكیش پابەندی رێنماییەكان نەبن، دۆخەكە لە دەست دەردەچێت. دەشڵێ، تا ئێستا 85 تووشبووی پەتای كۆرۆنا بە تەواوی چاك بوونەتەوە.

د. سامان بەرزنجی، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "ئەو هەواڵانەی لە سۆشیال میدیا بڵاو دەكرێنەوە، هیچ بنەمایەكی زانستییان نییە و هەواڵی فەرمی تەنها لە رێگەی ئێمەوە بڵاو دەكرێتەوە، بۆیە داوا لە هاووڵاتیان دەكەین كە باوەڕ بەو هەواڵانە نەكەن، چونكە ئەوانەی هەواڵ و پڕوپاگەندە بڵاو دەكەنەوە، رێكاریی یاساییان بەرامبەر دەگرێتە بەر و دادگایی دەكرێن".

بەرزنجی گوتیشی: "ئاماژەكان مەترسیدارن و حاڵەتەكان لە بەرزبوونەوەدان، كە تاوەكو ئێستا 233 حاڵەت تۆمار كراون و زۆر حاڵەتی شاراوەش هەن، بۆیە پێویستە هاووڵاتیان پابەندی رێنماییەكان بن، چونكە ئەگەر پابەند نەبن، دۆخەكە لە دەست دەردەچێت".

دەشڵێ، بە هۆی زیادبوونی حاڵەتەكانەوە، لە هەولێر نەخۆشخانەیەكی دیكە دەكرێتەوە، كە ئەویش نەخۆشخانەی رزگارییە و ئێستا بۆ ئەو مەبەستە ئامادە دەكرێت.

وەزیری تەندروستی باسی لەوەش كرد: "داوا لە راگەیاندنەكان دەكەین كە هەروەكچۆن تا ئێستا هاوكاریی ئێمەیان كردووە، بەردەوام بن لە هاوكاریكردنی ئێمە و هەواڵەكانیش وەكو خۆی بگوازنەوە".

گوتیشی، لە هەرێمی كوردستان تا ئێستا 85 كەسی تووشبوو بە نەخۆشیی كۆرۆنا، بە تەواوی چاك بوونەتەوە.

 

بڵند ئیبراهیم