نەتەوە یەكگرتووەكان داوای 3 ملیار دۆلار دەكات بۆ سودان و پەنابەرانی

دوایین نوێکردنەوە 2023-05-17 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

بۆ دابینكردنی یارمەتی بەپەلە بۆ سودان، كە لە ئەنجامی ململانێ‌ و شەڕو ئاڵۆزیەكانەوە ڕووبەڕووی شەپۆلێكی ئاوارەبوون و وێرانكاری بۆتەوە نەتەوە یەكگرتووەكان داوای كۆمەكی بۆ ئەو وڵاتە دەكات بە گوژمەی 3.3 ملیار دۆلار.

ڕامیش ڕاجاسینگام بەرپرسی ڕێكخراوی مرۆیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە جنێڤ بە ڕۆژنامەنووسانی راگەیاند: ئەمڕۆ 25 ملیۆن كەس كە دەكاتە زیاتر لە نیوەی دانیشتوانی سودان، پێویستییان بە یارمەتی مرۆیی و پاراستن هەیە، كە ئەمە زۆرترین ژمارەیە تاوەكو ئێستا لەو وڵاتە بیندرابێت.

لە 15 ی مانگی چواردا شەڕ و پێكدادانەكانی نێوان سەرۆكی سوپای سودان عەبدلفەتاح ئەلبوڕهان و جێگرەكەی پێشووی محەمەد حەمدان داقلۆدا دەستیپێكرد، داقلۆ سەركردایەتی هێزەكانی پشتیوانی خێرا دەكات.

بەپێی تیمەكانی تەندروستی، تا ئێستا نزیكەی هەزار كەس كوژراون، لە ناو و دەرەوەی خەڕتوم و ویلایەتی دارفوردا، هاوكات زیاتر لە پێنج هەزار كەسیش بریندار بوون و ملیۆنان كەسیش لە ماڵەكانییاندا گیرییان خواردووە و ناتوانن دەستیان بگات بە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان و تەندروستی.

نەتەوە یەكگرتووەكان وتی ئێستا پێشبینی دەكرێت 2.56 ملیار دۆلار پێویست بێت بۆ یارمەتیەكانی ناو سودان، لە كۆتایی ساڵی ڕابردوودا بڕی 1.75 ملیار دۆلار دیاریكرابوو.

ڕێكخراوی پەنابەرانی نەتەوە یەكگرتووەكان دەڵێت 470.4 ملیۆن دۆلار پێویستە بۆ یارمەتیدانی ئەو هاوڵاتییانەی كە لە وڵاتەكە هەڵدێن و لە ئێستادا پلان دادەنێن بۆ زیاتر لە 1.1 ملیۆن هاوڵاتی لەم ساڵدا وڵاتەكە جێبهێڵن.