ئایا بەشداریکردنی بەشار ئەسەد لە لوتکەی کۆمکاری عەرەب دەبێتە هۆی چارەسەرکردنی کێشەکانی سوریا؟

دوایین نوێکردنەوە 2023-05-17 00:00:00 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

وەزیری دەرەوەی سوریا دەڵێت بەشار ئەسەد، لەم هەفتەیەدا  بەشداری لە یەکەمین لوتکەی کۆمکاری عەرەبی لە ماوەی 13 ساڵدا دەکات، ئەمەش ئاماژەیە بۆ بوژانەوەی ناوچەکە دوای زیاتر لە دە ساڵی شەڕ. عەرەبستانی سعودیەی میوانداری لوتکەی ڕۆژی هەینی  پشتیوانی لە گەڕانەوەی ئەسەدی کرد بۆ ناو وڵاتانی جیهانی عەرەبی و بانگهێشتی سەرۆکی سوریای کرد لەسەر بۆ کۆبونەوەکە. حکومەتی سوریا ساڵانێک بوو لە ناوچەکەدا پەراوێزخرابوو بەهۆی سەرکوتکردنی دڕندانەی ناڕەزایەتییەکانی لایەنگری دیموکراسی لە ساڵی 2011دا کە پاشان تەشەنەی سەند بۆ شەڕی ناوخۆ و بووەهۆی کوژرانی بەلایەنی کەم 500 هەزار کە. شرۆڤەکاران دەڵێن بانگهێشتکردنەکەی ئەسەد کاریگەریی سعودیەش نیشان دەدات کە خۆی وەک ئاشتیخوازێک لە چەندین قەیرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەخاتە ڕوو. دوابەدوای کۆبوونەوەی ئامادەکاری ڕۆژی چوارشەممە، فەیسەڵ مقداد، وەزیری دەرەوەی سوریا بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، ئەسەد بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بەشداری لە چالاکییەکەی هەینی لە جددە دەکات. بێجگە لە بابەتی پەیوەندییەکان لەگەڵ حکومەتی ئەسەد، چاوەڕوان دەکرێت لوتکەکە تیشک بخاتە سەر دوو ململانێ تری ناوچەکە ئەوانیش ڕووبەڕووبوونەوەی یەک مانگ لە نێوان دوو ژەنەراڵ لە سودان و شەڕی ناوخۆی یەمەن کە ماوەی هەشت ساڵە بەردەوامە. ئەم کۆبونەویە لە هەمان شاردا ڕوودەدات کە نوێنەرانی دوو لایەنی سودان ماوەی هەفتە و نیوێکە بە نێوەندگیری بەرپرسانی سعودیە و ئەمەریکا لە لە دانوستاندندان. حوسام زەکی، جێگری سەرۆکی کۆمکاری عەرەبی ڕایگەیاند، نوێنەری عەبدولفەتاح ئەلبورهان، سەرۆکی سوپای سوودان لە لوتکەدا نوێنەرایەتی دەکات. لە لایەکی دیکەوە لە یەمەن، سعوودیە کە دوای هەشت ساڵ لە سەرکردایەتی هاوپەیمانییەکی سەربازی کە نەیتوانی لە بەرەکانی شەڕدا شکستیان بهێنێت، پاڵپشتی ڕێکەوتنی ئاشتی لەگەڵ یاخیبووانی حوسییەکانی سەر بە ئێران دەکات. تا ئێستا هیچ کام لەم دوو دەستپێشخەرییە پێشکەوتنێکی بەدەست نەهێناوە، بەڵام نووسەران و شیکارانی بیروڕای سعودیە گەشبینن. سلێمان عەقیلی، شرۆڤەکاری سیاسی سعودی بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە " لوتکەی جددە یەکێکە لە گرنگترین لوتکەکان لە ماوەیەکی زۆردا." گوتیشی ئەگەر لوتکەکە " بتوانێت سوریا بخاتەوە ناو سیستەمی عەرەبی و هەڵوێستی بەهێزی هەبێت لەسەر ململانێی سودان و یەمەن، ئەوا سەرکەوتوو دەبێت". گۆڕانکارییە دیپلۆماسییەکانی ئەم دواییە بەهۆی  ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئێران و سعودیە بە نێوەندگیری چین خێراتر بوو. کەمتر لە دوو هەفتە پاش ئەوە ڕێککەوتنە، سعودیە ڕایگەیاند کە دەستیان بە دانوستانەکان کردووە سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی خزمەتگوزارییە کونسوڵگەرییەکان لەگەڵ سوریای هاوپەیمانی ئێران، ئەمەش یەکەم هەنگاوی گشتییە لە نزیکبوونەوەیەکدا لەو کاتەوەی وەزیرانی دەرەوەی ئەو وڵاتانە سەردانی وڵاتانی یەکتریان کردووە. لەگەڵ ئەوەشدا بوونی ئەسەد لە جددە لە ڕۆژی هەینیدا پێشکەوتن لە چارەسەرکردنی شەڕی دڕندانەی سوریا مسۆگەر ناکات. لە ناوچەکانی باکوری ڕۆژئاوای سوریا کە لە ژێر دەستی یاخیبواندایە، چەندین جار خۆپیشاندانی دژ بە گەڕانەوەی ئەسەد بۆ ناو جیهانی عەرەب ئەنجام داوە. هەروەها ڕوون نییە کە  ڕێکخراوی وڵاتانی عەرەب دەتوانێت نیگەرانییەکان لەسەر پرسەکانی وەک چارەنووسی پەنابەرانی سوریا یان بەرزبوونەوەی بازرگانی چارەسەربکات یان نا. ئانا جێکەبس، شرۆڤەکاری باڵای کەنداو لە گروپی قەیرانە نێودەوڵەتییەکان وتی " گرنگە لەبیرمان بێت کە گەڕانەوەی ئەسەد بۆ کۆمکاری عەرەبی پرۆسەیەکی سیمبولییە بۆ دەستپێکردنی ڕێکاری کۆتاییهێنان بە گۆشەگیرییە ناوچەییەکەی." ئاماژەی بەوەشکردووە، " لە زۆر ڕووەوە سەرەتای ئاساییبوونەوەی  پەیوەندییە سیاسییەکانە، بەڵام لەوەش گرنگتر دەبێت ئەگەر ببینرێت ئاساییبوونەوەی ئابووریش لەگەڵیدا بێت، بەتایبەتی لە دەوڵەتە عەرەبییەکانی کەنداوەوە." مانەوەی ئەسەد لە جددە لە سەرانسەری ناوچەکەدا چاودێری دەکرێت، بەڵام لە هەموو شوێن زیاتر لە ناو خودی سوریا. حەیدەر حەمدان، مامۆستای جوگرافیای تەمەن 44 ساڵ لە پایتەختی سوریا، دەڵێت  "دوای چەندین ساڵ ئەمە یەکەمجارە من و خێزانەکەم گرنگی بە هەواڵە سیاسییەکان بدەین، چونکە هیوامان لەدەستدابوو". دانیشتوانی دیکەی دیمەشق چاوەڕوانییەکی کەمتریان هەیە. سەوسان، گەنجێکی تەمەن 29 ساڵ کە لە فرۆشگایەکی ئۆتۆمبێل کاردەکات، دەڵێت "ئێمە گەشبینین، بەڵام دەزانین کە لوتکەی عەرەبی سیحرێک نییە کە بتوانرێت هەموو کێشەکانی سوریا چارەسەربکات.