راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا، جەیک سولیڤان رایگەیاند کە بەردەوام دەبن لە پشتگیریکردنی هەوڵەکان بۆ دڵنیابوون لەوەی دانەوێڵە دەگاتە بازاڕەکانی جیهان.
راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا، جەیک سولیڤان لەو فڕۆکەیەی کە سەرۆکی ئەمەریکا، جۆ بایدن-ی بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی لووتکەی سەرکردەکانی گرووپی حەوت هەڵگرتبوو، وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە،
جەیک سولیڤان ئاماژەی بەوە دا کە درێژکردنەوەی رێککەوتننامەی رێڕەوی دانەوێڵەی دەریای رەش کارێکی باشە و رایگەیاند کە بەردەوام دەبن لە پشتگیریکردنی هەوڵەکان بۆ دڵنیابوون لەوەی دانەوێڵە دەگاتە بازاڕەکانی جیهان.
هاوکات سولیڤان رایگەیاند، ئەگەرچی ماوەی رێککەوتننامەکە درێژکراوەتەوە، بەڵام رووسیا بەردەوامە لە ئاستەنگ خستنە بەردەم ئەو رێڕەوەی کە بۆ گواستنەوەی دانەوێڵە بەکاردەهێندرێت.
راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا، جەیک سولیڤان هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە جیهان شایەنی ئەو سەقامگیرییە کە بەردەوامیی رێڕەوی دانەوێڵە مسۆگەر دەکات و جەختی لەوە کردەوە کە بەم شێوەیە دەتوانرێت پێداویستیی وڵاتان بۆ خۆراک، بەتایبەتی وڵاتانی هەژار دەستەبەر بکرێت.