نزیکەی ١١ ملیۆن کەس لە بەریتانیا لە دانەوەی قەرز و پارەدانی پسوولەکانیاندا دووچاری زەحمەتی دەبنەوە

دوایین نوێکردنەوە 2023-05-18 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپێدە

دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی دارایی بەریتانیا لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، بەپێی توێژینەوەکانی دامەزراوەکە، ژمارەی ئەو کەسانەی لە مانگی کانوونی یەکەمی ئەمساڵدا ئەمساڵدا لە پارەدانی پسوولەکانیاندا دووچاری زەحمەتی هاتوون، گەیشتووەتە ١٠ ملیۆن و ٩٠٠ هەزار کەس.

بەپێی هەمان توێژینەوە لە مانگی ئایاری ساڵی رابردوودا، ئەو ژمارەیە حەوت ملیۆن و ٨٠٠ هەزار کەس بووە.

ئاماژە بەوەش کراوە کە نزیکەی ٢٨ ملیۆن کەس لە دانیشتوانی وڵاتەکە بەهۆی قەرزەکانیانەوە لەژێر فشارێکی زۆردا دەژین و ژمارەی ئەو کەسانەی کە ناتوانن لە کاتی خۆیدا قەرزەکانیان بدەنەوە و پارەی پسوولەکانیان بدەن لە ماوەی شەش مانگدا بەلانیکەمەوە سێجار زیادی کردووە و گەیشتووەتە پینج ملیۆن و ٦٠٠ هەزار کەس.

باس لەوەش کراوە لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی رابردووەوە، نزیکەی شەش ملیۆن و ٣٠٠ هەزار کەس لە وڵاتەکەدا بەهۆی زیادبوونی تێچووی ژیانەوە ناچاربوون بیمەی خۆیان هەڵبوەشێننەوە.

لە توێژینەوەیەکی دیکەدا کە لەلایەن بانکی "HSBC"ەوە ئەنجامدراوە، ئاماژە بەوە کراوە نزیکەی لەسەدا ٧٨ی دانیشتووان بە جۆرێک لە جۆرەکان بەدوای رێگەیەکدا دەگەڕێن بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکانیان.

بەرپرسی سەروەت و سامان و بانکیی کەسی لە بانکی "HSBC"، خۆسێ کارڤالۆ رایگەیاند: "بەرزبوونەوەی تێچووی ژیان کاریگەریی نەرێنیی کردووەتە سەر زۆر کەس".

- ژمارەی ئەو کەسانەی لە ماوەی ساڵی رابردوودا لە بەریتانیا هاوکاریی خۆراکیان وەرگرتووە نزیکەی سێ ملیۆن کەس بووە

بەپێی راپۆرتی ساڵانەی دامەزراوەی تروسێل کە زیاتر لە هەزار و ٦٠٠ بانکی خۆراک و خاڵی دابەشکردنی خۆراک لە سەرانسەری بەریتانیا بەڕێوەدەبات، ژمارەی ئەو کەسانەی لە ماوەی ساڵی رابردوودا لە بەریتانیا هاوکاریی خۆراکیان وەرگرتووە نزیکەی سێ ملیۆن کەس بووە.

لەلایەکی دیکەوە تێکڕای کرێی خانوو لە لەندەن ژمارەی پێوانەیی تۆمار کرد و دوو هەزار ٥٠٠ پاوەندی تێپەڕاند.

کۆمپانیای رایتمۆڤ-ی بەریتانی بۆ فرۆشتنی خانووبەرە، مانگی رابردوو رایگەیاندبوو، تێکڕای کرێی خانوو لە لەندەنی پایتەخت لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا بە رێژەی لەسەدا ١٤ بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە بەرزترین ئاست لە مێژووی خۆیدا.