دیجیتاڵ میدیای سپێده
هەفتەی داهاتوو لە سەردانێكی دەگمەندا، وەزیری بازرگانی چین دەچێتە ئەمریكا و پەیوەندییە بازرگانییەكانی هەردوو وڵات تاوتوێ دەكرێن.
لیو بینجیوی وتەبێژی باڵیۆزخانەی چین لە واشنتۆن رایگەیاند، هەفتەی داهاتوو، وانگ وینتاو وەزیری بازرگانی چین سەردانی واشنتۆن دەكات و لەگەڵ وەزیری بازرگانی ئەمریكا و لێپرسراوانی دیكەی ئەو وڵاتە كۆدەبێتەوە.
ئەو سەردانەی وەزیری بازرگانی چین لەكاتێكدایە كە پەیوەندییەكانی پەكین و واشنتۆن ئاڵۆزە و بابەتی بازرگانی بووەتە خاڵی ناكۆكی نێوانیان.
وتەبێژی باڵیۆزخانەی چین لە واشنتۆن وتیشی، بەهۆی رێكارە تاك لایەنەكانی ئەمریكاوە، پەیوەندییە بازرگانییەكانی ئەمریكا و چین زیانی بەركەوتووە.
جەختیشی كردەوە لەوەی، چین وەك هەمیشە دەیەوێت كراوە و هەماهەنگ بێت لەبەردەم هاوبەشییە نێودەوڵەتییەكان.