دەزگای خێرخوازی بارزانی لە دابه‌شكردنی خۆراك له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ و سلێمانی و گه‌رمیان و ڕاپه‌ڕین به‌رده‌وام ده‌بێت

دوایین نوێکردنەوە 2020-04-05 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

سلێمانی-KDP.info- له‌گه‌ڵ ڕاگه‌یاندنی قه‌ده‌خه‌ی هاتوچۆ به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا، ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی هه‌ڵمه‌تێكی گه‌وره‌ی له‌ سه‌رتاسه‌ری كوردستان ده‌ست پێ كرد، به‌ دابه‌شكردنی سه‌به‌ته‌ی خۆراك بۆ ئه‌و خێزانانه‌ی پێویستیان پێییه‌تی.

ئامینه‌ ڕه‌حیم، هاوژینی له‌ ژیان نه‌ماوه‌ و چه‌ند منداڵێكی بێباوكی لایه‌، به‌ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: "ئێمه‌ چه‌ندین جار هاوكاریمان له‌ ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی وه‌رگرتووه،‌ سوپاس و ڕێزمان بۆ ده‌زگاكه‌ هه‌یه‌ و هیوادارین به‌رده‌وام بن له‌ هاوكاریی هاووڵاتیان، به‌ڕاستی خزمه‌تێكی باش ده‌كه‌ن و سه‌به‌ته‌ی خواردنه‌كه‌یان پێداویستیی خۆراكی زۆر باشی تێدایه‌".

عوسمان كه‌ریم له‌ سلێمانی، ده‌ڵێ: "من كرێكارم، پاش ئه‌وه‌ی حكوومه‌ت به‌هۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە قه‌ده‌خه‌ی هاتوچۆی ڕاگه‌یاند، دۆخی ئابووریم زۆر خه‌راپ بووه‌، له‌گه‌ڵ ڕاگه‌یاندنی هێڵی گه‌رمی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی پێوه‌ندیم پێوه‌ كردن. به‌ سوپاسه‌وه‌ هاوكارییان كردم و سه‌به‌ته‌ی خواردنیان هێنایه‌ به‌رده‌م ماڵه‌كه‌م."

كارمه‌ند به‌شاره‌تی، کە له‌ پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌، وه‌ك ده‌یان كه‌سی خۆبه‌خش له‌گه‌ڵ ده‌زگای خێرخوازی سه‌به‌ته‌ی خواردن ده‌گه‌یه‌ننه‌ ماڵه‌ هه‌ژاره‌كان، گوتی: "کارکردن لەگەڵ دەزگای خێرخوازیی بارزانی نەک ئەرکە، بگرە شەرەفێکی گەورەیە، خۆبەخش ماوەی ٨ ڕۆژ لەگەڵ دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە پارێزگای ھەڵەبجە بەردەوام لە خزمەت خەڵک بووین بەبێ گوێدانە ماندوبون و بە حەزێکی زۆرەوە کارمان کردووە و ھیوادارین خزمەتەکەمان لە ئاست خەڵکی پارێزگای ھەڵەبجە بووبێت".

سۆران خه‌ڵه‌بف، به‌رپرسی نووسینگه‌ی سلێمانیی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی، به‌ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: "له‌ سنووری پارێزگای سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌ و ئیداره‌ی گه‌رمیان قه‌زا و ناحیه‌ و گونده‌كان، سه‌به‌ته‌ی خواردن به‌سه‌ر ئه‌و خێزانانه‌ دابه‌ش كراوه،‌ کە پێوه‌ندییان به‌ هێڵی گه‌رمی ده‌زگاوه‌ كردووه‌، له‌پاش كۆتایهاتنی قه‌ده‌خه‌ی هاتوچۆ له‌ دوو ڕۆژی داهاتوودا له‌ ئیداره‌ی ڕاپه‌ڕین دابه‌شكردنی خۆراك ده‌ست پێ ده‌كات".

سۆران خه‌ڵه‌ف ده‌ڵێ: "ده‌زگای خێرخوازی دوو هه‌ڵمه‌تی ڕاگه‌یاند بۆ هاوكاریی هاووڵاتیان؛ هه‌ڵمه‌تی یه‌كه‌م هۆشیاركردنه‌وه‌ی هاووڵاتیان بوو له‌ په‌تاكه‌، هه‌ڵمه‌تی دووه‌م دابینكردنی سه‌به‌ته‌ی خواردنه‌ بۆ هاووڵاتیان، تاوه‌كو له ‌ماڵه‌كانیان بمێننه‌وه‌، نزیكه‌ی پێنجهه‌زار ته‌له‌فۆنی هاووڵاتیان وه‌رگیراوه و،‌ چوارهه‌زار خانه‌واده‌ سه‌به‌ته‌ی خۆراكیان به‌ده‌ست گەیشتووه."

ناوبراو ده‌ڵێ: "له‌ 21ی ئادارەوە ژماره‌ی هێڵی گه‌رم له‌ سلێمانی كراوه‌ته‌وه‌، له‌و ڕۆژانه‌ نزیكه‌ی 300 ته‌له‌فۆن وه‌ڵام دراوه‌ته‌وه‌، تاوه‌كو ئێستا 2000 هه‌زار كه‌س وه‌ڵام دراوه‌ته‌وه‌، 1600 هاووڵاتی سه‌به‌ته‌ی خواردنیان بۆ ڕۆیشتووه‌ته‌ ماڵه‌وه‌، له‌ پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ 1460 پێوه‌ندی وه‌ڵام دراوه‌ته‌وه‌، 1000 ماڵ سه‌به‌ته‌ی خۆراكیان بۆ ڕۆیشتووه‌ته‌ ماڵه‌وه‌، له‌ ئیداره‌ی گه‌رمیان  1000 پێوه‌ندی وه‌ڵام دراوه‌ته‌وه‌، نزیكه‌ی ژماره‌كه‌ سه‌به‌ته‌ی خواردن ڕۆیشتووه‌ته‌ ماڵه‌وه‌ بۆیان، له‌ گه‌رمیان به‌هۆی ئه‌وه‌ی ته‌نها له‌ 8ی شه‌و بۆ 12ی شه‌و ڕێگه‌ به‌ هاتوچۆ ده‌ده‌ن، به ‌شه‌ودا سه‌به‌ته‌ی خۆراك ده‌گه‌یه‌نینه‌ ماڵه‌كان، ئه‌وه‌ كه‌مێك زه‌حمه‌تیی له‌به‌رده‌م كاره‌كان دروست كردووه‌، به‌ڵام ئێمه‌ به‌رده‌وام ده‌بین و ده‌بێت ئه‌و ماڵانه‌ی پێویستیان به‌ سه‌به‌ته‌ی خواردنه‌ خواردنیان پێ بگه‌یه‌نین، له‌ 28ی مانگی ڕابردوو له‌ ئیداره‌ی ڕاپه‌ڕین ئاماده‌كارییه‌كان ده‌ستی پێ كردووه،‌ له‌گه‌ڵ كۆتاییهاتنی ئه‌و قه‌ده‌خه‌ی هاتوچۆیە 48 كاتژمێرییه‌ له‌ ڕاپه‌ڕین و سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌ و گه‌رمیان ده‌ست به‌ دابه‌شكردنی سه‌به‌ته‌ی خۆراك ده‌كه‌ینه‌وه‌".

ناوبراو ده‌ڵێ: "له‌گه‌ڵ قه‌ده‌خه‌ی هاتوچۆ بۆ ماوه‌ی 48 كاتژمێر هێڵی گه‌رمی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانیش داخراوه‌، پاش كۆتایهاتنی قه‌ده‌خه‌ی هاتوچۆ ژماره‌كان كراوه ‌ده‌بن، داواشمان له‌ ڕێكخراو و لایه‌نانه‌ی سه‌به‌ته‌ی خواردن دابه‌ش ده‌كه‌ن ئەوەیە کە هه‌ماهه‌نگیمان هه‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ی ماڵێك دوو جار و سێ جار سه‌به‌ته‌ی خواردنی بۆ نه‌ڕوات و ماڵی واش هه‌بێت هیچ هاوكارییه‌كی به‌ده‌ست نه‌گات".

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد: "چه‌ندین كه‌س به‌ خۆبه‌خشی هاتوونه‌ته‌ پێشه‌وه‌ له‌گه‌ڵمان و هاوكاریی تیمه‌كانمان ده‌كه‌ن له‌ گه‌یاندنی سه‌به‌ته‌ی خواردن‌ به ‌ماڵه‌كان، ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی ته‌واوی پێداویستییه‌ ته‌ندروستییه‌كانی بۆ دابین كردوون، چه‌ندین هێڵی نوێی گه‌رمان ڕاگه‌یاندووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین زۆرترین پێوه‌ندی وه‌ربگرین".

ئه‌وبه‌رپرسه‌ی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی هاووڵاتیان د‌ڵنیا ده‌كاته‌وه‌ به‌رده‌وام ده‌بن له‌ دابه‌شكردنی سه‌به‌ته‌ی خۆراك تاوه‌كو ئه‌و دۆخه‌ ناهه‌مواره‌ هه‌بێت.

زریان کەماڵ و عه‌زیز هەورامی