شاری باخموت کە هێزەکانی رووسیا دەستیان بەسەردا گرت گرنگیی ستراتیجیی هەیە

دوا نوێکردنەوە: 2023-05-21 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

شاری باخموت کە دوای نۆ مانگ ململانێ و پێکدادان کەوتە دەست هێزەکانی رووسیا، جگە لەوەی کە شارێکی ستراتیجییە، هاوکات بۆ سوپای رووسیا ورەبەخشیشە.

وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایگەیاند کە شاری باخموت-ی سەربە ناوچەی دۆنێتسکی کۆنترۆڵ کردووە. ئەو شارە کە لەئێستادا کەوتووەتە دەست هێزەکانی رووسیا، بە گرنگییەوە لێیەوە دەڕوانرێت.

باخموت کە لە ساڵی ١٧٨٣ لە سەردەمی رووسیای قەیسەری پێگەی شاری پێ بەخشرا، بە درێژایی مێژوو ناوەندێکی بازرگانیی گرنگ بووە. ناوی شارەکە کە لە ساڵی ١٩٢٤ لە سەردەمی یەکێتیی سۆڤیەتدا گۆڕدرا بۆ ئارتیۆمۆڤسک لە ساڵی ٢٠١٥ ناوە کۆنەکەی خۆی کە "باخموت" بوو، وەرگرتەوە.

- شوێنێکی ستراتیجیی گرنگە

بەپێی سەرژمێری ساڵی ٢٠٢٠ ژمارەی دانیشتوانی شارەکە ٧٣ هەزار کەسە. بەهۆی هەڵکەوتەکەیەوە گرنگییەکی ستراتیجیی هەیە. باخموت ٧٠ کیلۆمەتر لە باکووری شاری دۆنێتسک-ەوە دوورە، ناوەندێکی گرنگی گواستنەوەیە. هێڵەکانی شەمەندەفەر و رێگاوبانەکان شارەکانی باخموت، کراماتۆرسک و سلۆڤیانسک بە شاری گۆرلۆڤکا کە لەژێر دەسەڵاتی ئیدارەی کیێڤدایە، گرێ دەدەن.

لەنێوان باخموت و شاری سیڤێرسک کە لەژێر کۆنترۆڵی کیێڤدایە، رێگایەکی لاوەکی هەیە. باس لەوە دەکرێت کە لەگەڵ گرتنی باخموت لەلایەن رووسیاوە، کیێڤ پاڵپشتییەکی گەورەی لۆجستیکی لەدەستداوە و هێڵی دووەمی بەرگریی هێزە چەکدارەکانی ئۆکراینا زیانێکی زۆری پێدەگات.

ئاماژە بەوەش دەکرێت لەگەڵ گرتنی شارەکە، رێگەی گەیشتن بە سنووری ئیدارەی ناوچەی دۆنێتسک بە رووی سوپای رووسیادا کراوەتەوە.

- شارەکە لە ئایاری ساڵی رابردوودا بوو بە هێڵی رووبەڕووبوونەوە و شەڕ و پێکدادان

دوای ئەوەی جەنگی رووسیا و ئۆکراینا لە ٢٤ی شوباتی ساڵی رابردوو دەستی پێ کرد، باخموت لە مانگی ئایارەوە بووە مەیدانی جەنگ و پێکدادانەکان لە بەرەکان بەردەوام بوو. هێزەکانی رووسیا لە مانگی ئابی ساڵی رابردوو ئۆپەراسیۆنەکانیان بۆ گرتنەوەی شارەکە دەست پێ کرد. هاووڵاتییانی مەدەنی شارەکەیان چۆڵ کرد. چەند مانگێک پێکدادان بەردەوام بوو و شەڕی کۆڵان بە کۆڵانی تێدا رووی دا.

هێزەکانی سەربە گرووپی ڤاگنەر لە باخموت رووبەڕووی کێشەی کەمیی تەقەمەنی بوونەوە و داوای تەقەمەنییان لە سوپای رووسیا کرد، هاوکات هەڕەشەی ئەوەیان لێ کرد کە ئەگەر داواکارییەکانیان جێبەجێ نەکرێت لە شارەکە دەکشێنەوە.

دوای ئەو پێکدادانە سەختانە، دوێنێ هێزەکانی رووسیا دەستیان بەسەر باخموت لە ناوچەی دۆنێتسک گرت. دوای چەند مانگێک لە شەڕکردن رووسەکان بەرامبەر بە سوپای ئۆکراینا سەرکەوتنیان بەدەستهێنا.

- گرنگیی باخموت بۆ ئیدارەی کیێڤ

سەرۆکی ئۆکراینا، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی لە مانگی شوباتی رابردوودا لە لووتکەی ئۆکراینا و یەکێتیی ئەورووپا رایگەیاند کە باخموت وەک "قەڵا"ی خۆیان دەبینن.