تاجیکستان 104 هاووڵاتی خۆی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریاوە دەگەڕێنێتەوە

دوایین نوێکردنەوە 2023-05-21 00:00:00 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

وەزارەتی دەرەوەی تاجیکستان ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند، وڵاتەکە 104 ژن و منداڵی دیکەی لە سوریاوە گەڕاندووەتەوە، لە کاتێکدا سەدان هاووڵاتی تاجکستان بۆ بەشداریکردن لە گروپە توندڕەوەکان هەڵاتبوون بۆ سوریا. وتەبێژی وەزارەتەکە بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، گروپەکە 31 ژن و 73 منداڵ لەخۆدەگرێت. ئەو ژن و منداڵانە لە کەمپەکانی کەسوکاری چەکدارانی داعش نێشتەجێبوون کە لەلایەن هێزە کوردییەکان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەڕێوەدەبرێن. لە ساڵی 2014 کاتێک داعش بەشێکی زۆری عێراق و سوریای کۆنترۆل کرد و "خەڵافەتی" تیایدا ڕاگەیاند، هەزاران توندڕەوی بیانی پەیوەندییان بە داعشەوە کرد و ڕوویان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیان کرد. لە ساڵی 2019 داعش شکستی هێنا و لەو کاتەوە هێزەکان بە ڕێبەرایەتی کوردەکان کە هاوپەیمانی ئەمەریکان لە شەڕی دژ بە توندڕەوەکان، بە بەردەوامی داوایان لە وڵاتان کردووە هاووڵاتیانی خۆیان لە کەمپی ئاوارەکان بگەڕێننەوە بۆ وڵاتەکانی خۆیان. بەڵام وڵاتەکان بەشێوەیەکی زۆر خاو و لەسەرخۆی ئەم پرۆسەیە جێبەجێ دەکەن لەترسی کاردانەوەی ناوخۆی سیاسی. لە مانگی حەوتی 2022،  بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر ، 147 ژن و منداڵی پەیوەندیدار بە جیهادییەکانی داعشەوە ڕادەستی تاجیکستان کرد، ئەمەش لە یەکەمین گەڕانەوەی لەو شێوەیە بوو ئەو وڵاتەی سۆڤیەتی پێشوو. بەپێی ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ، زیاتر لە 41 هەزار هاووڵاتی بیانی - کە زۆرینەیان تەمەنیان لە خوار 12 ساڵەوەیە - لە کەمپ و زیندانەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕاگیراون بەهۆی ئەوەی گوایە پەیوەندییان بە داعشەوە هەیە. لە ئەنجامی شەڕی باغوز، دەیان هەزار لە ئەندامانی بنەماڵەی داعش خۆیان ڕادەستی هەسەدە (هێزەکانی سوریای دیموکراتیک) کرد و بە شێوەیەکی سەرەکی لە سێ کەمپدا بە ناوەکانی کەمپی ڕۆژ، هۆڵ و عەین عیسا نیشتەجێکران. زیاتر لە 15 هەزار خێزان کە بەشێکیان کەسوکاری داعشن لە کەمپی هۆڵ نیشتەجێن کە ژمارەیان زیاتر لە 85 هەزار کەسە. هەتا ساڵی2019 زیاتر لە سێ هەزار خێزان کە دەیکردە زیاتر لە 13 هەزار کەس لە کەمپی عەین عیسا دەژیان بەڵام پاش هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر باکوری سوریا ئەو کەمپە کرایەوە و گوازرانەوە بۆ شارۆچکەی سەرێ کانی کە لە لەلایەن تورکیاوە دەستیبەسەردا گیراوە. کەمپی ڕۆژیش زیاتر لە 800 خێزانی داعش نیشتەجێن کە ژمارەیان دەکاتە نزیکەی 2500 کەس. بەشێک لە زانیارییەکان لە ئاژانسی فرانس پرێس وەرگیراوە