عێراق رێككەوتنی خزمەتگوزاری فڕۆكەوانیی لەگەڵ رووسیا واژوو كرد

دوا نوێکردنەوە: 2023-05-22 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپێده‌

دەسەڵاتی فڕۆكەوانی عێراقی رایگەیاند، عێراق رێككەوتنی خزمەتگوزاری فڕۆكەوانیی لەگەڵ رووسیا واژوو كردوە.

لە بەیاننامەیەكدا كە دەسەڵاتی فڕۆكەوانی عێراقی بڵاویكردۆتەوە، ئاما ژە بەوە كراوە، بە مەبەستی نوێكردنەوەی رێككەوتنی گواستنەوەی ئاسمانی، كە لە ساڵی 1962 لەنێوان عێراق و یەكێتی سۆڤیەت واژووكرابوو، لە میانی بەڕێوەچوونی كۆڕبەندی ئابووری لە شاری كازانی رووسیا، عیماد عەبدولڕەزاق ئەسەدی، سەرۆكی دەسەڵاتی فڕۆكەوانی عێراق رێككەوتنێكی خزمەتگوزاری فڕۆكەوانیی لەگەڵ رووسیا واژوو كرد.

لە بەیاننامەكەدا هاتووە، ئەم ڕیككەوتنە خۆی لە هاوكاری هاوبەش لە كەرتی گواستنەوە و بەرەوپێشبردنی كەرتی فڕۆكەوانی مەدەنیدا دەبینێتەوە.

ئەمە لە كاتێكدایە، پێشتر، میخائیل بۆگدانۆڤ، جێگری وەزیری دەرەوەی روسیا لە پەراوێزی كۆڕبەندی جیهانی روسیا-ئیسلامی كە لە شاری كازان لە روسیا بەڕێوەدەچێت رایگەیاندبوو، وڵاتەكەی هەوڵدەدات بۆ هەڵوەشاندنەوەی ڤیزەی هاتنە ژورەوە بۆ ژمارەیەك لە هاوڵاتیانی وڵاتانی ئیسلامی و لەنێویشیاندا عێراق و سوریا.